خاوەنی بەشێک لە زەوییەکانی گەڕەکی فەرمانبەران لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە ژمارەیان ١٩٠ پارچە زەوییە، داوا دەکەن پارەی ئەو سووەیان لێ وەرنەگیرێت و خزمەتگوزاریی بۆ زەوییەکانیان دابین بکرێت.

ئەمڕۆ ژمارەیەک لە خاوەن زەوییەکانی گەڕەکی فەرمانبەران لە شارۆچکەی سیدسادق، دژی دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی بۆ زەوییەکانیان و وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆری سوو لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

کاوە قادر

کاوە قادر، خاوەنی یەکێک لە پارچە زەوییەکانە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ١٢ ساڵ پێش ئێستا بە زێدەڕۆیی (موزایەدە) لە شارەوانی سیدسادق هەر یەکێکمان پارچەیەک زەویمان کڕی، بەمەرجی ئەوەی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و ڕێگاوبانی بۆ دابین بکرێت، هەر ئەو کاتە بڕی پارەی زەوییەکەیان بە ڕێژەی ٥٠٪ لێ وەرگرتین و بەشەکەی دیکەیان بۆ کردین بە قیستی مانگانە، بەڵام نە ئەوان هاتن پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان بۆ بکەن، نە ئێمەش ڕۆیشتووین بەدەم پێدانی قیستەکانمانەوە.

وتیشی: لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە کەس ئاگاداری نەکردووینەتەوە بۆ پێدانی قیستەکانمان، بەڵام ئەمساڵ شارەوانی ئاگاداری کردووینەتەوە بۆ پێدانی قیستەکان، ئێستا ڕێژەی سووەکە بە زیاتر لە ١٠٠٪ چووەتە سەر پارەکانمان؛ زەوییەکەم بە ٣٠ ملیۆن کڕیوە، ١٥ ملیۆنم لەسەر مابوو، ئێستا ١٦ ملیۆن سوو چووەتە سەر زەوییەکە و پارەکە. داوا دەکەن یاخود سووەکەمان بۆ لاببەن، یانیش ئەو پارەیە ڕێژەی ٢٠٪ـی لەو سووەمان بۆ دابشکێنن، شارەوانیش پڕۆژە بۆ زەوییەکانمان بکات بۆ ئەوەی ئێمەش خانووی خۆمانی تێدا دروست بکەین و نیشتەجێ ببین.

عەلی محەمەد

عەلی محەمەد، هاوڵاتییەکی دیکەیە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: کێشە و گرفتمان ئەوەیە کاتی خۆی ئەم زەوییانەمان بە موزایەدە کڕی، پێیان وتین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا و جادەوبانی بۆ دەکەن، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣وە تا ئێستا هیچ پڕۆژەیەک دیار نییە بۆ زەوییەکان بکرێت، تەنها پارەیان لێ وەرگرتووین.

وتیشی: بەشێکی پارەکەیان بۆ کردین بە قیستی مانگانە، بەڵام دوای ئەوەندە ساڵە کەسیان ئاگادار نەکردووینەتەوە لە پێدانی پارەی قیستەکە، ئەمساڵ پێیان وتووین بۆ پێدانی پارەکە، کاتێک چووینە شارەوانی سوو چووەتە سەری.

ئاماژەی بەوەشدا، زەوییەکەی خۆم ٣٠ ملیۆن دینارم پێداوە، ١٦ ملیۆنم داوە بە شارەوانی و ١٤ ملیۆن دینارم لەسەر مابوو، ئێستا ١٤ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار سوو چووەتە سەری و دەڵێن دەبێت ئەو پارەیە بدەن بە حکومەت، بەبیانووی ئەوەی پارەکەمان نەداوە و دوامانخستووە، بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادارمان بکەنەوە. داوا دەکەن پارەی ئەو سووەمان لێ وەرنەگیرێت، ئەوەتا زەوییەکان دەشتێکی کاکی بەکایی بیابانە و هیچی بۆ نەکراوە.

https://rojnews.video/upload/videos/2026/06/zfM5nITzVpDMcvuWH9ww_24_50c5c9cd9baee70b20b300b2ce5ffb66_video_1080p_converted.mp4