دوای ئەوەی ئەمڕۆ، حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، کەمێک پێش ئێستا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و چەند بڕیارێک درا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکومەت، دوای خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەلایەن وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاری دا، کەمترین مووچەی مانگانەی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت بکرێت بە ٥٠٠ هەزار دینار.
هەروەها ڕایشی گەیاندووە، لە کۆبوونەوەکە پرسی یەکخستنی سیستەمی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا) تاووتوێ کرا، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ئەو لێکتێگەیشتنانە دەربڕی کە لە ١٨ـی ئەم مانگە لە بەغداد واژۆ کراون، بە ئامانجی کەمکردنەوەی ڕۆتینات و بە ئەلیکترۆنیکردنی رێکارەکان.
وتیشی: بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکان و پەسەندکردنی کۆتایی ڕێککەوتنە گومرگییەکان، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووریی عێراق.
ئەوەش لە کاتتێکدایە، زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کرێکار لە هەرێمی کوردستان خۆیان لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکردووە، مانگانە بڕێک پارە دەدەن بە سندووقەکە، بۆ ئەوەی و دواتر خانەنشین بکرێن.
