ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا(سێنتکۆم) سەبارەت بە کوشتنی سەرچەتەیەکی داعش لە سووریا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

سێنتکۆم ڕایگەیاند، لە ١٩ـی حوزەیران هێرشێکی ئاسمانییمان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا سەرچەتەی دیاری داعش، عەلی حوسێن عەلاوی کوژرا.

وتیشی: ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکادایە بۆ پووچەڵکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکان و بە ئامانجگرتنی ئەو چەکدارانەی کە هەوڵی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و بەرژەوەندییەکانی لە ناوخۆ و دەرەوە دەدەن، هاوکات جەختیشی لە بەردەوامیی هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێکخراوە کردەوە.

هەروەها فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ئەدمیڕاڵ براد کوپەر ڕایگەیاند، فەرماندەیی ناوەندی و هاوبەشەکانی پابەندن بە لەناوبردنی پاشماوەکانی ڕێکخراوی داعش و تێکشکاندنی یەکجاریی ئەو ڕێکخراوە، هەروەها بەردەوامیش دەبین لە بەرگریکردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزە چەکدارەکانمان و هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا.