میدیا جیهانییەکان سەبارەت بە بڕیارەکەى ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، زانیارى نوێ دەخەنەڕوو.

ئەنجوومەنی پیران کۆبووەتەوە بۆ دەنگدان لەسەر بڕیارنامەی تایبەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سەرەتا ٥٠ دەنگ لەبەرامبەر ٤٨ دەنگ دواى کشانەوەیان دەکرد، بەڵام دەنگدانى کۆتای ئەنجامەکەى پێچەوانە کردەوە، ٥٠ دەنگی دژ بە ٤٧ دەنگ بڕیار درا کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا ڕەتبکرێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا ئەمەى بە سەرکەوتن ڕاگەیاند و سوپاس و پێزانینی تایبەتی ئاراستەی هەردوو سیناتۆری کۆماری، ڕاند پاوڵ و بیل کاسیدی کرد، کە لە کۆتا ساتدا هەڵوێستی خۆیان گۆڕی، هەروەها ستایشی جۆن تون و سیناتۆران لیندسی گراهام و بێرنی مۆرێنۆی کرد.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە، ئەم دەنگدانە پەیامێکی ڕوونی هێز لەلایەن ئەمریکاوە دەسەلمێنێت و ئێران دەخاتە دۆخی ئامادەباشییەوە.

بڕیارنامەکە داوای دەکرد، ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران بکشێنێتەوە، سەرکردەکانی پارتی کۆماری ڕایانگەیاند، پەسەندکردنی ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی تێکدانی ئەو دانوستانە دیپلۆماسییانەی کە ئێستا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لە ئارادان.

سیناتۆر ڕاند پاوڵ، پێشتر هاوشانی دیموکراتەکان پاڵپشتی لەم هەوڵانە دەکرد، ئەمجارە دەنگی بە “نەخێر” (دژی بڕیارنامەکە) دا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی نەخاتە مەترسییەوە.

پاوڵ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتى “ئێکس” نووسیویەتی: بەهۆی ئەوەی دوژمنایەتییەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆن، سەرۆک داوای لێکردم پێگەی دانوستانکارییەکەی لەبەرچاو بگرم، دەنگی من بۆ پێدانی دەسەڵات و هێڵی زیاترە بە سەرۆک تا بتوانێت دانوستان بۆ ئاشتییەکی بەردەوام بکات.

لای خۆیەوە، سیناتۆر بیل کاسیدی، کە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا یارمەتیدەر بوو لە تێپەڕاندنی بڕیارنامەکە لە لیژنەکەدا، پاش وەرگرتنی ڕاپۆرتێکی زانیاریی ورد لەلایەن جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەت لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ململانێکان، هەڵوێستی خۆی گۆڕی و دژی بڕیارنامەکە دەنگی دا.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٢٨ی شووباتی ڕابردوو دەستیپێکرد، کە دواتر بەهۆیەوە تاران هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دواتر بە نێوەندگیری پاکستان لە ٨ی نیساندا شەڕەکە ڕاگیرا.