خەیاڵ جەواهری، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لە پێشخستن و بونیادنانەوە و گەشەسەندنى کۆمەڵگا، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

د. خەیاڵ جەواهری ڕایگەیاند، ژنانی عێراق لە مێژوودا هاوبەشێکی ڕاستەقینەی بنیاتنانی کۆمەڵگا بوون و بەشداربوون لە بزووتنەوەی فێمینیستی عێراقیدا، ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری، بنبڕکردنی نەخوێندەواری و هاندانی کچان بۆ خوێندن، ژن نوێنەرایەتی زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگا دەکات، بۆیە هەر پڕۆژەیەکی گەشەپێدان یان چاکسازی ئەگەر بەشداریی ڕاستەقینە و کارای ژنانی تێدا نەبێت، ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت.

ئاماژەی بە کەسایەتییە پێشەنگەکانی عێراق کرد، لە سەرووشیانەوە دکتۆرە نەزیهە دلێمی، کە وەک یەکەم ژن لەسەر ئاستی عێراق و جیهانی عەرەبی پۆستی وەزیری وەرگرت، دلێمی ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا لە داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و هەمووارکردنی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩، کە لەو سەردەمەدا وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ چەسپاندنی مافە یاساییەکانی ژنان.

باسی لەوەشکرد، پاڵپشتى ژنان بە درووشم و بۆنەی ساڵانە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ستراتیژێکی ڕاستەقینە هەیە بۆ سەربەخۆیی ئابووری و پشتگیریکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکانی ژنان، هەروەها جەختی لە گرنگی گەیاندنی بەرنامەکانی پشتگیری و هۆشیاری بۆ ژنانی ناوچە دوورەدەستەکان کردەوە، کە بەدەست کەمیی خزمەتگوزاری و دەرفەتی خوێندن و کارەوە دەناڵێنن.

سەبارەت بەو مەترسی و ئاڵنگارییانەى لە ئێستادا ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە، جەواهری چەند خاڵێکی دەستنیشان کرد لەوانە، بەردەوامی جۆرەکانی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی، سەرهەڵدان و پەرەسەندنی دیاردەی وەک گێچەڵی سێکسی، دۆسییەکانی دزەپێکردن و هێرشی ئەلیکترۆنی و بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، کە کاریگەری نەرێنی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاسایشی دەروونی و کۆمەڵایەتی ژنان هەیە.

د. خەیاڵ جەواهری داوای چەند هەنگاوێکی جدی کرد بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، لەوانە، خوێندن و ئابوورى و وتی: چونکە بەهێزترین چەک و کەرەستەی گۆڕانکارییە؛ ژنی خوێندەوار و خاوەن ئابووری سەربەخۆ، باشتر دەتوانێت نەوەیەکی تەندروست پەروەردە بکات و خێزان لە هەژاری بپارێزێت.

ئاماژەی بەوەشدا، خاڵێکى دیکە چالاککردنی یاساکانە، پێویستیی بەگەڕخستنی ئەو یاسایانەی کە ژنان لە توندوتیژی و پێشێلکاری دەپارێزن، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕێزگرتن لە مافی ژن لە ڕێگەی میدیا و ناوەندەکانی خوێندنەوە.

پێگەی بڕیاردانیشی وەک خاڵێکی دیکە هێنایە سەر زمان و وتی: هاندانی ژنان بۆ گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیاردان لە دامەزراوە حکومی، پەرلەمان و کارگێڕییەکاندا، چونکە بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی ژنان لە نەخشەڕێگەی داهاتوودا سەر ناگرێت.