لە زنجیرە دۆسییەیەکدا ئاژانسی ڕۆژنیوز تیشک دەخاتەسەر تێکۆشان و خەباتی ژنان لە ئاستی جیهاندا، لەم بەشەشدا بە تایبەت سەرنج دەخەینەسەر مێژووی تێکۆشانی ژنانی سووریا بەرانبەر سیاسەتی دەوڵەت و پێشەنگایەتی ژنان لە خەباتی یەکسانی و ئازادی و تێکشکاندنی کولتووری پیاوسالاری.
مێژووی خەباتی ژنان لە سووریا؛ سەدەیەک گۆڕان و تێکۆشان
مێژووی خەباتی ژنان لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم، کاتێک ڕێکخراوەکانی ژنان دەستیان بە چالاکی کرد، لە ساڵی ١٩١٩ـدا، نازۆک عابید یەکەم ڕێکخراوی ژنانی لە دیمەشق دامەزراند و بوو بە یەکێک لە پێشەنگەکانی بەرگری لە مافەکانی ژنان، دواتر لە ساڵی ١٩٦٧ـدا، یەکێتیی گشتیی ژنانی سووریا دامەزرا و بووە هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی کارەکانی ژنان.
هاوکات، نەزیرە زەینەدین بۆ یەکەم جار قورئانی لە ڕوانگەیەکی تێگەیشتنی فێمینیستییەوە شرۆڤە کرد و دژایەتیی سنووردارکردنی ژنان و بەتایبەتی باڵاپۆشی زۆرەملێ کرد.
لە ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و شەڕی ناوخۆیی لە سووریا، ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هێڵەکانی پێشەوەی شەڕدا وەک سەرباز ڕۆڵیان بینی.
دەسکەوتە مێژووییەکانی ژنان لە سووریا
دەسکەوتە گرنگەکانی ژنان لە سووریا بە تایبەتی لە بوارەکانی پەروەردە و بەشداری سیاسیدا بوو، لە ساڵی ١٩٥٣ ژنان مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا، لەساڵی ٢٠١٢ بەشداری ژنان گەیشتە نزیکەی ١٢٪ـی کورسییەکانی پەرلەمان، هەروەها گەیشتنە پۆستە باڵاکانی حکومەت، هاوکات ئاستی خوێندنی ژنان گەیشتە نزیکەی ٧٤٪.
لە ساڵی ٢٠٠٦ـدا نەجاح عەتار بوو بە جێگری سەرۆککۆماری سووریا و لە ساڵی ٢٠١٦ـدا هادیە خەلەف عەباس یەکەم ژن بوو کە سەرۆکایەتی پەرلەمانی سووریای کرد.
ژنانی سووریا؛ لە نێوان سیاسەتە سەرکوتکارەکان و شەڕی بەردەوام
لە ماوەی دەسەڵاتی ڕژێمی ئەسەد و حکومەتە کاتییەکەی ئەحمەد شەرع، ژنانی چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی ژنان لەلایەن چەتەکانی داعش و داگیرکەران بەردەوام ڕووبەڕووی ڕفاندن، کوشتن، دەستدرێژی سێکسی و ئەشکەنجەی توند دەبوونەوە.
لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ـدا، بەردەوامیی شەڕ و نائارامی بووە هۆکاری زیادبوونی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان، بە تایبەتی ڕووداوەکانی ڕفاندن، هاوسەرگیریی زۆرەملێ، هاوسەرگیریی منداڵان، توندوتیژیی خێزانی و کوشتنی ژنان لە ناوچەکانی ئیدلیب، حەلەب، ڕەقە، دێرەزوور، حەسەکە، زۆرترین پێشێلکارییەکانیش بەرانبەر ژنانی کورد و عەلەوی و درووز کرا.
بە پێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ ژن بە هۆی پێکدادانە چەکدارەکان، بۆردوومان و توندوتیژیی ناوخۆیی دەکوژرێن.
جیاوازیی ئەزموونی ژنان لە سووریا؛ نەتەوە، ئاین و شوێن
ژنان لە سووریا ئەزموونی ژیانیان بە پێی ناسنامەی نەتەوەیی، ئاینی و شوێنی جوگرافی بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە، ئەم جیاوازییە وایکردووە ڕۆڵ و دەرفەتی ژنان لە کۆمەڵگەدا هاوسەنگ نەبێت و بە پێی بارودۆخە ناوچەییەکان بگۆڕێت.
ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا، بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا، بە دامەزراندنی کۆنگرەی ستار هەوڵیان بۆ ڕێکخستنی مافەکانی ژنان و بەهێزکردنی دەنگی سیاسییان دا، دواتر لە ساڵی ٢٠١٣، بە دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، ڕۆڵی سیاسی و سەربازیی ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوو.
لە بەرامبەردا، ژنانی عەرەب، بە تایبەتی لە ناوچە عەشایەری و گوندنشینەکاندا، زۆرجار لە ژێر کاریگەری نەریت و سیستەمی پیاوسالاردا مانەوە و بەشدارییان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی سنووردار کرا.
هەروەها ژنانی ئاشوری، سوریانی، درووزی و عەلەویش بە پێی جیاوازیی ناوچەکان و بارودۆخی کۆمەڵایەتییان، لەنێوان پاراستنی ناسنامەی خۆیان خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ژناندا تێکۆشان دەکەن.
لە سووریا ژمارەی ڕێکخراوەکانی ژنان دیار نییە، چونکە ڕێکخراوەکان لە بارودۆخی جیاواز و ناوچە جیاوازەکاندا دامەزراون و بە شێوەیەکی بەرفراوان کار دەکەن.
ژنان لە سەردەمی حکومەتی ئەحمەد شەرع
پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە، دۆخی مافەکانی ژنان لە سووریا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی قووڵی یاسای ئاینی و سیاسیی نوێوە، بە شێوەیەک کە سەرەڕای بەڵێنە سەرەتاییەکان و دەستنیشانکردنی تەنیا یەک وەزیری ژن لە حکومەتدا، بەشداریی سیاسیی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی گەلدا پشکیان تەنیا گەیشتووەتە نزیکەی ٥٪.
چالاکوانانی مافی ژنان سەبارەت بە پاشەکشەی زیاتری ئازادییەکانی ژنان لە داهاتووی سووریادا نیگەرانن لەوەی نموونەی حوکمڕانی هەتەشە لە ئیدلیب، ببێتە بنەمای سیستەمی سیاسیی و یاسایی نوێ.
