پاش هێرشەکانی چەتەکانی داعش لە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بۆ سەر کۆبانێ و بەرخۆدانییە بێوێنەکانی شەڕڤانان، کۆبانێ ئارامی بەخۆیەوە بینی و پەیتا پەیتا ئەو هاووڵاتییانەى لە شارەکە ئاوارەی باکووری کوردستان بوون گەڕانەوە بۆ کۆبانێ و دیواری ئاوەدانییان بەرزتر کرد و دوای ١٣٤ ڕۆژ، چەتەکانی داعش بە دەستی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە ٢٥ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥، بە تەواوی لە سنووری کۆبانێ تێکشکێندرا و وانەیەکی مێژووییان پێدرا.
ئەمە گەورەترین شکستبوو، کە دەرخواردی چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک کرا، هەر بۆیە ئەو شکستە مێژووییەیان پێ قەبووڵ نەکرا، سا بۆیە ناچار بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو شکستە مێژووییە، چەتەکانی داعش هێرشێکی هۆڤانەیان بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنی ئەنجام دا.
چەتەکانی داعش بە هاوكاریی دەوڵەتی تورک و بە جلوبەرگی شەڕڤانانەوە لە گوندی بەرخبۆتانی باشووری کانتۆنی کۆبانێوە هێرشیان بۆ سەر هاوڵاتییانی مەدەنیی و بێچەک دەستپێکرد، هەر کەس بەردەستیان کەوت کۆمەڵکوژیان کرد و ناوچەکەیان خەڵتانی خوێن کرد.
لەو کۆمەڵکوژییەدا چەتەکانی داعش ٢٣٣ هاووڵاتییان شەهید کرد، کە دەیان ژن و منداڵی تێدابوو، هەروەها سەدانی دیکەیان بریندار کرد، هەرچەند لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە توانرا هەموو ئەو چەتانە بکوژرێن، بەڵام تازە خوێنی گەشی ئەو هاوڵاتییە بێتاوانانە کەوتە سەر زەویی و بوو بە هەوێنی ئازادکردنى شارەکە.
ئەو کۆمەڵکوژییە لە بیری هیچ کوردێکی ڕەسەن ناچێتەوە، ئەگەرچی ئێستا کۆبانێ لە گەشەسەندندایە و لەسەر شاڕێی بەرەو پێشچوونە، بەڵام برینێکە ساڕێژ نابێت و ئیلهامێکیشە بۆ ئیرادە و مانەوەى گەلی کورد کە لە کاتە سەختەکاندا خۆڕاگرتر دەبێت.
پیلانی چەتەکانی داعش ئەوە بوو، کە تەواوی گەل لە ناوچەکە کۆمەڵکوژ بکەن و شوێنەواری کوردبوون نەهێڵن، هەرچەندە ئەوان هیچ جیاوازییەکیان نەدەکرد لەنێوان کورد و عەرەب و ئەرمەن و پێکهاتەکانى تر، بەڵام ئەم خەون و خەیاڵە سەری خۆیانی خوارد و بەدەستی شەڕڤانان و گەریلا هەر لەو شوێنەدا گۆڕیان بۆ هەڵکەندرا.
ساڵانە لەم ڕۆژەدا، گەل و کەسوکاری قوربانییان سەردانی مەزاری شەهیدان دەکەن و سۆز و پەیمانی بەردەوامیان لەسەر ڕێبازی شەهیدان دووپات دەکەنەوە، مژدەی ڕزگاریی و ئازادیی بە شەهیدان دەدەن.
کۆبانێ پاش ڕزگارکردنی بوو بە هێمای ئازایەتى گەلی کورد و مۆری خۆی لەسەر تابووتى هەموو داگیرکەر و ڕێکخراوێکی تاریکپەرست و فاشیزم دا، کە ئیدی هیچ کات ناتوانن ئیرادە و هێزی گەلی کورد بشکێنن، کۆبانێ بووە هێمای بەرەنگاری لە سەرانسەری جیهان، کە هێزە ئازادییخوازەکان ئیلهامی لێوەردەگرن.
ناوی کۆبانێ هەمیشە بە سەر گەورەیی و سەرکەشی دەمێنێتەوە، لەو ڕۆژەوە سەدان منداڵی ئەم گەلە و گەلانی تریش ناویان لێنرا کۆبانێ، هەزاران شوێن و ناونیشان بە ناوی کۆبانێوە ناونراون، بۆیە تەنیا کۆبانێیە ئەو شووناس و هێمایەى بەخشیووە.
مێژووی کۆبانێ تەنیا لە کاتی ڕزگارکردنى دەستپێ ناکات، بەڵکو ڕیشەیەکی مێژوویی هەیە، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، لە ١ـی تەمووزی ساڵی ١٩٧٩ لە یەکەم کۆچی مێژوویی خۆیدا چووەتە شاری کۆبانێ و لەوێوە بە پەروەردە توانا زانستی و فکرییەکانى خۆی بەسەر گەل و گەریلادا بەش دەکرد.
کۆبانێ کەوتووەتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و لەسەر سنووری دەستکردنى باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە، زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، لەڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە٣٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای ئاوی فورات و ١٠٠ کیلۆمەتر لە شاری ئورفاوە و ١٥٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای حەلەبەوە دوورە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی ٥٥ هەزار کەس دەبێت.
زۆربەی خاکەکەی دەشتاییە و ئابووریی دانیشتوانەکەی لەسەر کشتوکاڵە، لە سۆنگەی جوگرافییەوە لێی بڕوانین، ئەوا کۆبانێ ناوچەیەکی ستراتیژییە بۆ چەتەکانی داعش و دەوڵەتی تورک، چونکە لەلایەک خاڵێکی گرنگی پێکەوە بەستنی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانە لەلایەکی دیکەش کانتۆنی عەفرین و جزیرە پێکەوە دەبەستێتەوە، چەتەکان و دەوڵەتی تورک دەیانویست بە داگیرکردنی کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان بکەن بە دوو بەش و گەمارۆی عەفرین بدەن، بەڵام بازووی شەڕڤانانی ئازادیی ئەو خەونەی لە گۆڕنان.
