وەزارەتی دەرەوەی پاکستان سەبارەت بە ناوەڕۆکى پەیوەندییە تەلەفونییەکەى محەمەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان و عەباس عێراقچی وەزیرى دەرەوەى ئێران، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، محەمەد ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی عەباس عێراقچی ئەنجامدا، لەو پەیوەندییەدا بیروڕا گۆڕدرایەوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکان، بەتایبەتی ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام و پەرەسەندووی نێوان ئەمریکا و ئێران لە گەرووی هورمز و دەوروبەریدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، وەزیری دەرەوەی پاکستان داوای لە هاوتا ئێرانییەکەی کرد، پێویستە گرژییەکان کەم بکرێنەوە و باڵاترین ئاستی دانبەخۆداگرتن پێشان بدرێت، ئەم داواکارییە پاکستان لە دواى سەرهەڵدانى پەرەسەندنی خێرای ناوچەکە دێت.

محەمەد ئیسحاق دار جەختی لەوە کردەوە، گفتوگۆ و دیپلۆماسی وەک تاقە ڕێگەی گونجاو دەمێننەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا.

ئەمە لەکاتێکدا، سەرەڕایی بوونى لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئیران بۆ ڕاگرتنى شەڕەکانى نێوانیان، بەڵام گرژییەکان جارێکى دیکە سەریهەڵداوەتەوە.