دەستەی دەسپاکی عێراق سەبارەت بە دەستگیر کردنى چەند فەرمانبەرێک لە پارێزگاى نەینەوا بەتۆمەتى دزینی پارە و سەروەت و سامانى وڵات، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لەڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، تیمی مەیدانی لە بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی نەینەوا دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازیان لە یەکێک لە وێستگە حکومییەکانی دابەشکردنی سووتەمەنی لە شاری مووسڵ ئەنجام دا، کە تێیدا توانییان چوار فەرمانبەر دەستگیر بکەن؛ ئەمەش دوای ئەوەی کارەکانی وردبینی و بەدواداچوون دزینی بەنزینیان ئاشکرا کرد، بەهۆی بوونی جیاوازی لە نێوان ئەو بڕە بەنزینەی لە تۆمارەکانی وێستگەکەدا نووسراوە لەگەڵ ئەو بڕە ڕاستەقینەیەی کە لەناو کۆگاکاندا هەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەست بەسەر بڕە پارەی فرۆشی بەنزین و نەوتی سپیدا گیرا، کە لەناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی لێپرسراوی سندووقی وێستگەکەدا حەشاردرابوو، لە جیاتی ئەوەی بخرێتە ناو سندووقی وێستگەکەوە و وەک داهاتی دەوڵەت ڕادەست بکرێت.
باس لەوەشکراوە، لە ئۆپەراسیۆنی سێیەمدا، تیمەکە چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی لە پارێزگاکە و فەرمانبەرێک و کارمەندێکیان دەستگیرکردووە، کە مامەڵەیان ڕادەپەڕاند بەبێ ئەوەی خاوەن مامەڵەکان خۆیان ئامادەبن یان هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی هەبێت، کە ڕێگەیان پێبدات ئەو کارە بکەن.
لە کۆتایدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیاری دادوەر لە دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا (کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەسپاکی) بریتی بووە لە ڕاگرتن و دەستبەسەرکردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەکانی (٣١٥ و ٣٣١) لە یاسای سزادانی عێراقی.
