شارەزایانى ئەمنى و شرۆڤەکارانى سیاسی سەبارەت بە ئامانجى سەردانەکەى عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق بۆ ئەمریکا و تاوتوێکردنى دۆسییەی بە قاچاخ بردنە دەرەوەی دۆلار، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێن.

د. غازی فەیسەڵ حوسێن مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و گەشەپێدانی سیاسی لە زانکۆى بەغداد ڕایگەیاند، ئەم سەردانەى عەلی زەیدی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییە دوولایەنەکاندا نیشان دەدات، کە بنەمایەکەی بریتییە لە فراوانکردنی دەرفەتەکانی هاوکاریی ئابووری، ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان و چاکسازی لە کەرتی داراییدا.

ئاماژەى بەوەشکرد، لەسەردانەکەى زەیدی تاوتوێی دۆسیەکانی ئەمنیی و سەروەری وڵات دەکرێت، کە لە پێشەنگیاندا سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و چەسپاندنی ڕێبازى بەکارنەهێنانی خاک و سنووری عێراقە لە ململانێ هەرێمییەکاندا، بەجۆرێک کە سەقامگیری بەهێز بکات و ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات جێبەجێ بکات.

لای خۆشییەوە مۆخلەد حازم شارەزا لە کاروباری ئەمنی ڕایگەیاند، سەردانەکەى زەیدی بۆ ئەمریکا بە مەبەستى گفتوگۆکردنە لەسەر بابەتی دامەزراندنی سندووقێک بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانەکانى وڵات، لەگەڵ دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی دۆلار، چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەردەوامبوونی هەوڵەکانی دژە گەندەڵی.

ئەو شارەزایە ئەمنییە جەختیشی کردەوە، ئەم دۆسیانە دەبنە دەروازەیەک بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئابووری وڵات بە شێوەیەکى گشتى.

جێگەى ئاماژەیە، بڕیارە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا عەلی فالح زەیدی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق سەردانى ئەمریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە، یەکێک لە پرەسە هەرە گرنگەکانیش تاوتوێ کردنى چەکى گرووپە چەکدارەکانى عێراقە.