میدیا عێراقییەکان سەبارەت بە دەستگیرکردنى پەرلەمانتارێکى پێشوو لەسەر دۆسییەى گەندەڵی لە زارى سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە، زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

سەرچاوەکە ڕایگەیاند، درەنگانى ئەمشەو هێزێکی هاوبەشی دەزگای دژەتیرۆر و دەستەی دەسپاکی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی تەڵال زەوبەعی پەرلەمانتاری پێشوو لە گەڕەکی حارسییە لە بەغدادی پایتەخت و دەستگیریان کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، هێزە هاوبەشەکە دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و دەستگیرکردن کردووە، کە ژمارەیەک داواکراوی بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی لە چەند ناوچەیەکی دەرەوەی ناوچەی سەوز کردووەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە دەنگۆی داخرانی ناوچەی سەوزی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە “بارودۆخی ئەمنی لە پایتەخت باشە.

هەروەها ئەم بەرە بەیانییە هێزێکی هاوبەشی دژە تیرۆر و دەستەی دەستپاکی عێراق، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوقەیەکی ئەحمەد ئەسەدی و لە ناو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی و شوێنی نیشتەجێبوونەکەیدا، دەستیان بەسەر بڕە پارەیەکی زۆر و زێڕی قاڵبدا گرتووە، کە بەهایەکەی لە ٢٠ ملیار دینار زیاترە، باس لەوە دەکرێت کە هەڵاتووە.

جێگەى ئاماژەیە، چەند ڕۆژێکە هەڵمەتى دەستگیرکردنى گەندەڵکاران و گەڕانەوەى پارەکانى دەوڵەت دەستیپێکردووە، لەو چوارچێوەیەدا دادگا سزاى ١٠ ساڵ زیندانى بە غیابی بۆ نور زوهێر (دزى سەدە) دەرکرد و داواى لە پۆلیسی ئینتەرپۆڵ کرد، ڕادەستى عێراقی بکەنەوە.