عەباس موتعب، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی گەڕانەوەى پارەی دزراو لە دەستەی دەستپاکی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕی سندووقی گەڕانەوەی دارایی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: هەندێک وڵات هەن کە لە دۆسییەی گەڕانەوەی دارایی گەندەڵکاراندا بەهۆی هۆکاری تایبەت بە خۆیانەوە هاوکاری ناکەن، لە بەرامبەریشدا هەندێک وڵاتی تر لەم ڕووەوە هاوکارن.

ڕوونیشیکردەوە کە: فەرمانگەکەیان ڕەشنووسێکی ئامادە کردووە بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بۆ گەڕانەوەی دارایی و تۆمەتباران.

دەشڵێت ئێمە بەدواداچوون بۆ بارودۆخی وڵاتان و گۆڕانکارییەکان دەکەین، بەڵام یاسا ناوخۆییەکانی هەندێک لە وڵاتان ڕێگە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی دیاریکراو نادەن کە عێراق داوای دەکات.”

ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق پەنا دەباتە بەر ڕێگەی دانوستان، میکانیزمی جێگرەوەش لەگەڵ وڵاتاندا هەیە بۆ مەبەستی هاوکاریکردن.

وتیشی: زۆرێک لە وڵاتان بەهۆی چەندین هۆکاری جیاوازەوە هاوکاری ناکەن، لەوانە هۆکاری ئابووری و هەندێکی تریش پەیوەستن بە لایەنی مرۆییەوە، هەندێک جاریش کەسی گەندەڵکار مافی پەنابەری لەو وڵاتانە هەیە، بۆیە ڕادەستکردنەوەیان قورس دەبێت.