ئەمڕۆ، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تولای حاتیمۆغولاری لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی، لە ساڵڕۆژی چەک سووتاندنی تەڤگەری ئازادیی لە ئەشکەوتی جاسەنەی پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
تولای حاتیمۆغولاری ساڵیادی مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانی بیرهێنایەوە و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوو چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەین و اتووتوێی ئەوە دەکەین، کە بۆ ئەوەی ئاشتی و دیموکراتیکبوون بێتە دی، پێوسیتە چی بکرێت، ئاشتی بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخوازێت، ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەک شتێکی ئاسایی نەبوو. ئەو ڕۆژە ئێمە لەوێ بووین، نوێنەری دامەزراوە و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش لەوێ بوون.
وتیشی: ئەو ڕۆژە باوەڕی ئێمە بە ئاشتی زیاتر بەهێز بوو، ئێمە لەوێ بە هیوا و متمانەیەکی گەورەوە گەڕاینەوە، چەکەکان لە ئاگردا سووتان، ئەو ئاگرە بانگەوازی ئاشتی بوو، ئەو ڕۆژە تێکۆشانی چەکداری گۆڕا بۆ تێکۆشانی دیموکراتیک، ئەو ڕۆژە نەک تەنها چەک، بەڵکو بیانووەکانی بەردەم ئاشتیش سووتان. کێشەی کورد ناکرێت لە چوارچێوەیەکی تەنگی ئەمنیدا قەتیس بکرێت. نابێت هیچ دایکێک بگری و ناسنامە و زمانی هیچ نەتەوەیەک نابێت نکۆڵیی لێ بکرێت. واتای ١١ـی تەممووز ئەوە بوو، دەبێت ئەمە باش تێبگەین، ئەو شوێنەشی کە ڕێوڕەسمەکەی تێدا ئەنجامدرا زۆر گرنگ بوو، ئەشکەوتی جاسەنە، ئەو شوێنەیە کە شێخ مەحمود پەنای بۆ برد.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەروازەیەکی نوێی کردەوە، ئەو ئەندامانەی ڕێکخستن کە چەکەکانیان سووتاند، چاوەڕوانی ئەوەن کە ئەو دەرگایە بکرێتەوە، بۆ ئەوەش بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت، دەسەڵات و پەرلەمان کە یاسای پێویست دابڕێژن، بەڵام سەرباری ئەوەی ساڵێک بەسەر سووتاندنی چەکەکاندا تێپەڕیوە، هەنگاوە پێویستەکان نەهاتوونەتە ئاراوە، دەتوانن دۆخ و مەرجەکانی بەڕێز ئۆجالان باشتر بکەن، زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکەن و کۆتایی بە سیاسەتی قەیوم بهێنن. ئەمە چاکە و خێر نییە، بەڵکو پێویستییەکی پرۆسەی ئاشتییە”.
هەروەها تولای حاتەم ئۆغوللاری تیشکی خستەسەر لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە و وتی: لە لووتکەکەدا دەرکەوت کە شەڕی نوێ لە پێشمانە، لە پرۆسەیەکی وەک ئەمەدا، بەهێزکردنی چارەسەریی ناوخۆیی بۆ تورکیا گرنگییەکی مەزنی هەیە، پرسی کورد وەک پرسی “تیرۆر” پێناسە ناکرێت، ئەمە پێچەوانەی ڕۆحی پرۆسەکەیە، با بڕوانین لە ماوەی ساڵێکدا کێ چی کرد و کێ چی نەکرد، تەڤگەری کورد بەپێی بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان هەموو بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بەجێ گەیاند. بەڵام ئەوەی کە دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت، نەیانکرد. هەلومەرجەکانی بەڕێز ئۆجالان باشتر نەکران. زیندانییە سیاسییەکان ئازاد نەکران. سیاسەتی قەیوم کۆتایی پێنەهات. زمانی زبر هێشتا لە میدیاکاندا بەکاردێت. دژ بە هەموو ئۆپۆزیسیۆنێک، فشار و توندوتیژی بەردەوامە”.
تولای جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە بەڕێز ئۆجالان دانوستانکاری ئەم پرۆسەیەیە، ئەگەر هەلومەرجی ئە باش نەکرێت، پرۆسەکە چۆن دەگاتە ئەنجام؟ ئەگەر دانوستانکار نەتوانێت لە هەموو شوێنێک قسە بکات و بیروبۆچوونەکانی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بەش بکات، پرۆسەکە چۆن پێش دەکەوێت؟ سەرجەم ئەو هەنگاوانەی نراون، لەسەر بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان بوون.
باسیلەوەشکرد، بەڕێز ئۆجالان پێشنیازی کۆمارێکی دیموکراتیک دەکات کە تێیدا هەموو نەتەوە و بیروباوەڕەکان بتوانن پێکەوە بژین. کۆماری دیموکراتیک شکۆی هەموو هاووڵاتییەکە. لە کۆماری دیموکراتیکدا هەموو کەسێک بە یەکسانی دەژی. دەبێت یاسای چوارچێوە لەم مانگەدا دەربچێت. هەروەها دەبێت ئەم یاسایە ڕێک بەو شێوەیەی کە وتووێژی لەسەر کراوە دابڕێژرێت و کاتیگۆریزە نەکرێت، دەبێت ئێمە ئەم دەرفەتە دوانەخەین و پێکەوە دەرگا لەسەر شەڕ دابخەین و تا کۆتایی دەرگای ئاشتی و دیموکراسی بکەینەوە.
