لە ئێستادا و لە دوای دووبارە دەسپێکردنەوەی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و گرانی نرخی نەوتی ئێران، چین کە پێشتر کڕیارێکی سەرەکی نەوتی ئێران بوو، زیاتر نەوت لە وڵاتانی کەنداو دەکڕێت هەتا ئێران.

 ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بازرگانانی نەوتەوە ڕایگەیاندووە، پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین لە ناوچەی شاندۆنگ، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بڕێکی پێوانەیی نەوتیان لە وڵاتانی عێراق، قەتەر و ئیمارات کڕیوە.

وتیشی: بڕی ئەو نەوتەی کڕیویانە لە نێوان ١٦ بۆ ٢٠ ملیۆن بەرمیلدایە، ئەوەش گەورەترین کڕینی نەوتی ئەو وڵاتەیە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ئەمریکا جارێکی دیکە سزاکانی سەر نەوتی عێراقی کارا کردەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئێران بۆسەر کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هورمز، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەوتێکی زۆری ئێران لە کەشتییەکان بمێنێتەوە و کڕیاری نەبێت.

هەروەها لە ڕابردوودا، چین گەورەترین کڕیاری نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاییەکانی ئێران بوو، ئەمریکا چەندین جار سزای خستووەتە سەر کۆمپانیا چینییەکان، بەهۆی ئەوەی نەوتی ئێرانیان کریوە، بەڵام هەر بەردەوامبوونە لە کڕینی نەوتی ئێران.