ئەمڕۆ، پێگەی فەرمی گولڕووخ ئێرانی، زیندانی سیاسیی ئێران لە گرتووخانەی ئەوین بڵاویکردەوە، کە وریشە مورادی، ڕەتیکردووەتەوە کە لە دادگای ڕژێمی تاران ئامادە بێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وریشە مورادی زیندانیی سیاسیی کورد دوای سێ ساڵ زیندان و پێنج مانگ بەسەربردن لە ژووری تاکەکەسی، ئەمڕۆ دووبارە بۆ بەشی ١٥ی دادگای ڕژێمی تاران بانگهێشت کرا، بەڵام بە هۆی ئەوەی ئەم دادگایە بە فەرمی دانی پێدانانرێت لە دانیشتنی دادگاکە ئامادەنەبوو.

 ئەوەش لە کاتێکدایە، ناوبراو پێشتر سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە بەسەردا سەپێنرا، بەڵام بەهۆی کەموکورتی لە لێکۆڵینەوەی کەیسەکەی، سزاکە هەڵوەشێندرایەوە، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسییەکەی.

هەروەها وریشە مورادی، لە ماوەی زیندانیشیدا چەندین جار ڕووبەڕووی سنووردارکردنی مافەکانی بووەتەوە و لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی بێبەش کراوە، هەروەها ماوەیەکیش ڕێگەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزانەکەی پێ نەدراوە و لە مافی بینی پزیشک و چارەسەریی و دەستگەیشتن بە دەرمان بێبەشکراوە.