ئەمشەو لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایانی شاری هەولێر، ژنێک بە شێوەیەکی گوماناوی لە نهۆمی پێنجی شووقەیەک کەوتەخوارەوە و دەستبەجێ گیانی لە دەستدا.

ئەو ژنە ناوی (س. ا. ع)ـە و لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٧ـە و خەڵكی ڕۆژئاوای کوردستانە.

پۆلیسی هەولێر لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕایگەیاندووە، دوای ڕووداوەکە هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و هاوژینەکەیان دەستبەسەرکردووە و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا ئاماژەی بەوەداوە، کە پێش ڕووداوەکە دەمەقاڵێ لە نێوانیاندا دروست بووە.

پۆلیس ڕاشیگەیاندووە، کە پەڕاوی لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ٤ـی ئەم مانگەدا، بەهەمان شێوە بە شێوازێکی گوماناویی ژنێکی گەنج لە یەکەی نیشتەجێبوونی گەنجان سیتی لە شاری هەولێر بەناوی مەلاک فارس، کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.