بەشداری ژنان وەک پێشمەرگە و گەریلا تەنها لە تێکۆشانی چەکداریدا نەبووە، بەڵکو بەشدارییان هەنگاوێکی گرنگ بووە بۆ شکاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان و بەرەنگاربوونەوەی کولتووری پیاوسالاری، هاوکاتیش تێکۆشانیان بەرانبەر دووژمنان و تاریکپەرستان کردووە.

هەر لە مێژوودا ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان لە خەباتی سیاسی، مەدەنی، ڕۆشنبیری و پاراستنی کولتوور و فەرهەنگی کوردیدا هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو بەشداری و قوربانییەدا وڵاتە فاشیستەکان و دەسەڵاتە توندرەوەکان هەوڵی سڕینەوەی ئەو خەبات و دەستکەوتانەی ژنانی پێشمەرگە و گەریلا دەدەن، ئەم بابەتەش بووەتە هۆی نیگەرانی زۆرێک لە چالاکوانانی مافی ژنان.

لەو بارەیەوە، سەیوان ڕۆستەم داکۆکیکاری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز باس لە گرنگی ناساندن و تۆمارکردنی ڕۆڵی ژنان لە خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا دەکات.

“ژنان لە هەموو شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کورددا بەرەنگاری دووژمن بوونەتەوە”

سەیوان ڕۆستەم دەڵێت: ژنان لە مێژووی خەباتی گەلی کورددا بەشدارییان لە هەموو جۆرەکانی خەباتی نەتەوەیی هەبووە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، زۆرینەی تێکۆشانی ژنان فەرامۆش کراون، لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆڵی ژنی کورد زۆر دیار و بەرچاو بووە، بەتایبەتی لە پاراستنی زمانی کوردی، بەهێزکردنی هزری نەتەوەیی و پاراستنی دابونەریت و کولتووری کوردەواری، ئەمەش جۆرێکە لە خەباتی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لە پاراستن و بەردەوامی ناسنامەی نەتەوەیی.

دەشڵێت: ژنان لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی گەلی کورددا بەرەنگاری دوژمن بوونەتەوە و بەشدارییەکی کاریگەریان هەبووە، ئەم ڕۆڵە جیاوازە لە تێکۆشانی ژنانی زۆرێک لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە، چونکە ژنی کورد هەمیشە لە پێناوی ئازادی گەل و نیشتمانەکەی خەباتی کردووە، بەڵام بەداخەوە مێژوو ستەمی لە ژنان کردووە و ئەو خەبات و قوربانییانەی بە تەواوی نەخستووەتە ڕوو، لە کاتێکدا ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان لەو خەباتانەدا هەبووە.

“ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان هەوڵی پاراستنی ناسنامە و مافەکانیان داوە”

سەیوان ڕۆستەم داکۆکیکاری مافەکانی ژنان لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات، ژنانی هەر چوار بەشی کوردستان بەبێ هیچ جیاوازییەک لە تێکۆشاندا بەشداربوون و قوربانییان داوە، هەروەها لە خەباتی مەدەنی، ڕۆشنبیری و فەرهەنگیشدا ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان هەبووە و بەردەوام کاریان بۆ پاراستن و پەرەپێدانی ناسنامە و مافەکانی گەلی کورد کردووە.

“ژنان بە هێمای پێشەنگبوون لە تێکۆشانی نەتەوایەتی پێناسە دەکرێت”

بەپێی وتەکانی سەیوان ڕۆستەم داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، شکاندنی سنوورە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن ژنانەوە ئاسان نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەو ژنانەی ڕەچەشکێن بوون توانرا بەرەنگاری زۆرێک لە دابونەریت و بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان ببنەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەی لە پێشوودا ژن وەک قوربانی ناسێندرا بوو بەڵام لە ئێستادا ژنان بە هێمای پێشەنگبوون لە تێکۆشانی نەتەوایەتی و شۆڕشگێڕی و کولتووری پێناسە دەکرێت.