هەفتەی ڕابردوو چوار شاندی حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم سەردانی بەغدادیان کرد و پرسی سەرەکی گفتوگۆکانی ئەو شاندانە لەگەڵ حکومەتى فیدراڵی عێراق مووچە و داهاتی نانەوتی بووە، هەرێم لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی وەزارەتى دارایی وتوویانە ئێمە ناتوانین ١٢٠ ملیار دینار بدەین، چونکە ئەو بڕە لە توانای هەرێمدا نییە.

دوای گفتوگۆیەکی دوو ڕۆژە، فالح ساری وەزیری دارایی عێراق ڕازی نەبووە یەک دینار لەو ١٢٠ ملیارە کەم بکرێتەوە، بۆیە بە شاندی هەرێمی وتووە، ئەو پێشنیازەکە دەداتە ئەنجوومەنى وەزیران و بڕیاری لەسەر چەند دا ئەوانیش وەک وەزارەت پێوەی پابەند دەبن.

ڕۆژی شەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنى وەزیران ئەو پرسە باسکرا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیران ڕەتیکردەوە، کە ١٢٠ ملیارەکە کەم بکرێتەوە و ڕاشیگەیاندووە، دەبێت داهاتەکانی هەرێمی کوردستان شەفاف بن و داهاتەکان بگەڕێنەوە خەزێنەی دەوڵەت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنى وەزیران دەمەقاڵێ لەنێوان عەلی زەیدی و خالید شوانی وەزیری دادی عێراق، کە کوردە لەسەر مووچە ڕوویداوە و شوانی داوایکردوە ناکرێت بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت و هەموو مانگێک کێشەیان بۆ درووست بکرێت.

بەمجۆرە گفتوگۆکانی هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی مووچە و بەتایبەت ١٢٠ ملیار دینارەکە بە بنبەست گەیشتووە، بۆیە ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێت دیسان کێشە بۆ مووچەی هەرێم درووست دەبێتەوە و دوور نییە ئەمساڵیش مووچەیەک یان دوانی تر لە مووچەخۆرانی هەرێم بخورێت.

کورتهێنانی مووچە

ئێستا بڕیاری کۆتایی وەزارەتى دارایی عێراق ئەمەیە، مووچەی هەرێم دەنێرن، بەڵام ١٢٠ ملیار دینارەکە کە بەپێی ڕێککەوتن هەرێم پابەند کراوە بە ناردنی دەبڕن و دەبێت حکومەتى هەرێم خۆی تەواوی بکات، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا بەغداد مووچە بەبڕینی ١٢٠ ملیار دینارەکە بنێرێت.

لە بەرامبەردا حکومەتى هەرێم ڕایگەیاندوەوە ئەگەر بەغداد ١٢٠ ملیار دینارەکە ببڕێت ئەوا ٣٠ بۆ ٤٠ ملیار دینار کورتهێنانیان دەبێت بۆ تەواوکردنی مووچە، تا ئەو کورتهێنانەش پڕ دەکەنەوە ئەگەر مووچەش ڕەوانە بکرێت ئەوا دابەشکردنەکەی دوادەخەن، بۆیە پێشبینی دەکرێت دابەشکردنی مووچە زیاتر لەوەی هەیە دوابکەوێت.

داهاتی ناوخۆ

هەرێمی کوردستان چەند سەرچاوەیەکی داهاتی نا نەوتی هەیە کە بریتین لەمانە(دەروازە سنوورییەکان، داهاتی دامەزراوە و بەڕێوەبەرایەتییەکان، گومرگەکان، باج و رسومات، سوتەمەنی، کشتوکاڵ،هتد)، تا ئێستا هیچ کەس و دامەزراوەیەکی چاودێری هەرێم و بەغدادش نازانێت ئەو داهاتە چەندن و چۆن خەرج دەکرێت و چی لێدەکرێت؟.

بەشێک لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و چەند جارێکیش وەزیری پێشووی دارایی عێراق ئاماژەیان بەوە کردوە، داهاتی ناوخۆی هەرێم نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینارە، بەڵام حکومەتى هەرێم دەڵێت، داهاتی نا نەوتی ٢٥٠ ملیار دینارە.

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێم جێگەی سەر سوڕمانە داهاتی نانەوتی هەرێم لە ٤٠٠ ملیار دینار بۆ ١٤ ملیار دینار دابەزیوە، کە ئەمە بەپێی هەموو پێوەرێکی ئابووری ناچێتە عەقڵەوە.