پاش وەشاندنی گورزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێران، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بازدانێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
بەجۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ٥.٧٦٪ بەرز بووەوە و گەیشتە ٧٨.٤٣ دۆلار، هاوکات نەوتی خاوی تهکساس بە ڕێژەی ٥.٩٢٪ هێڵەکانی پێشووی بەزاند و گەیشتە ٧٤.٦١ دۆلار.
هاوشانی نەوت، نرخی گازی سروشتیش لە بازاڕەکاندا بە ڕێژەی ٢.٠٨٪ ڕووی لە هەڵکشان کرد و گەیشتە ٣.٣٣٣ دۆلار بۆ هەر یەکەیەک.
لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی کانزا بەنرخەکان بە پێچەوانەی بازاڕی وزەوە جوڵایەوە؛ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە ڕێژەی ٠.٩٥٪ دابەزی و بووە ٤,٠٦٦ دۆلار، نرخی زیو بە ڕێژەی ٣.٤٩٪ دابەزی بۆ ٥٩.١ دۆلار، و مسیش بە ڕێژەی ١.٨٩٪ نرخەکەی کەمی کرد.
چاودێرانی ئابووری پێشبینی دەکەن لەگەڵ بەردەوامیی ئەم شڵەژانە سیاسی و سەربازییەی نێوان واشنتۆن و تاران، بازاڕەکان ڕووبەڕووی گۆڕانکاری و ناجێگیریی زیاتر ببنەوە.
