عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەی سێ هەفتەیە نرخی بەنزین و گاز و نەوتی سپی ماڵان زۆر بەرز بووەتەوە، کە نرخێکی مێژووییە و تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەگەیشتووەتە ئەو نرخە.
ئاماژەی بەوەشکرد، نرخی بەنزین لە ناو وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە گرانترین نرخی هەیە کە یەک لیتر بەنزین لەنێوان ١٢٥٠ دینار بۆ ١٥٠٠ دینارە، هاوکات بەرزترین نرخی بەنزین لە ئیماراتە کە لیترێک بەنزین ١٣٠٠ دینارە، لە کاتێکدا کە هەرێم وەکو ئەو وڵاتانە نەوت و پاڵاوگەی نەوتی تایبەتی خۆی هەیە.
عومەر گوڵپی بیانووەکەی وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بە درۆ دەخاتەوە کە دەڵێت، بەنزین بۆیە گرانە، چونکە نرخی بەنزین لە جیهاندا بەرزبووەتەوە، لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەمە دوورە لە ڕاستییەوە، بەڵکو هۆکارەکە ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قۆرخکاری و خراپ سودوەرگرتن لەونەوتەی هەیە، لەگەڵ ئەو قۆرخکارییەی پاڵاوگەکان دەیکەن، بۆیە بەنزین گرانە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ بیانووی گرانی نرخەکان ئەوروپا بە نموونە دەهێنێتەوە، بەڵام باسی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە ناکات کە نرخەکان بەچەندن.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارەی پیشوو، هیچ هۆكار و بیانوویەک نییە بۆ ئەوەی نرخی نەوت و بەنزین گرانتر بێت لەچاو وڵاتانی ناوچەكە.
هەروەها ڕوونیشیکردەوە، لە هەرێمی كوردستان پێداویستی بەنزین ڕۆژانە شەش ملیۆن لیترە، ئەگەر بۆ هەر لیترێك ٥٠٠ دینار زیاتر وەرگرن، ئەوا ڕۆژانە سێ ملیار و مانگانە ٩٠ ملیار دینار دەچێتە گیرفانیانەوە، بۆیە دۆسیەی گرانی بەنزین دۆسیەی زوڵم و ستەمە.
گوڵپی باس لەوە دەکات، یەك دینار ناچێتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەوەش سكاڵایان كردووە و داویانە بە دەستەی دەستپاكی و چاودێری دارایی.
ئەو پەرلەمانتارەی پیشووی کۆمەڵ ڕوونیدەکاتەوە، جیاوازی نرخ لە نێوان سلێمانی و هەولێر بە (٢٠٠ -٢٥٠) دینارە کە بە وتەی ئەو، ئەمە نیشانەی قۆرخكارییە.
