بەپێی ئامارەکانی ئەمڕۆ پێنجشەمە، نرخی نەوتی عێراق لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی تۆمارکردووە، بە جۆرێک کە هەردوو جۆری نەوتی بەسرە بە ڕێژەی ٣.٨٥٪ بەرزبوونەتەوە؛ بەمەش نرخی نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرە گەیشتە ٥١.٢٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نرخی نەوتی خاوی قورسی بەسرەش گەیشتە ٤٩.٣٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هاوکات بازاڕی نەوتی جیهانیش ناجێگیرییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەجۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.١٣٪ (٨٨ سەنت) بەرزبووەوە و گەیشتە ٧٨.٩٠ دۆلار، لە کاتێکدا پێشتر و لە مامەڵە سەرەتاییەکاندا لەسەر ٧٧.٢٩ دۆلار جێگیر بوو. لە لایەکی دیکەوە، نەوتی سووکی تێکساس دوای ئەوەی دابەزیبوو بۆ ٧٣.٢٢ دۆلار، ٨٧ سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە ٧٤.٣٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هاوشانی کەرتی وزە، بازاڕی کانزاکانیش گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە. بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنییەوە، زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەران ماوەتەوە و بازدانێکی گەورەی بە بەراورد بە دوێنێ بەخۆیەوە بینیوە، بەجۆرێک نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا گەیشتە ٤,١٠٦ دۆلار.

لە هەمان کاتدا، نرخی کانزاکانی دیکەش بەرزبوونەوەیان بەخۆیەوە بینی و تێیدا نرخی زیو گەیشتە ٥٩.٥٣٨ دۆلار، مس لەسەر نرخەکەی خۆی بە ٦.٢٠٨٨ دۆلار جێگیر بوو، و نرخی تۆنێک ئەلۆمینیۆمیش گەیشتە ٣,١٥٨.٢٠ دۆلار.