ئەمڕۆ، ماڵپەری میدڵ ئیست ئای لە زاری بەرپرسانی عێراقەوە هەوڵیکی سووریا، عێراق و ئەمریکای ئاشکرا کرد، بۆ کاراکردنەوەی بۆرییەکی نەوتی کۆن لەو دوو وڵاتەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و لەو بارەیەوە زانیاریی خستەڕوو.

ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسانی باڵای عێراق و ناوچەکەوە بڵاویکردووەتەوە، کە عێراق، سوریا و ئەمریکا بەنیازن بۆرییەکی کۆنی نەوتی ٥٠٠ میل کە نزیکەی ٨٠٠ کیلۆمەتر درێژە و دەگاتە دەریای ناوەڕاست لە کەناراوەکانی سووریا نۆژەند بکەنەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان، بۆ کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا.

هەروەها سەرچاوەکان بە ماڵپەڕەکەیان ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو ڕێککەوتنێک بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆرییەکە کە لە بنەڕەتدا لە شاری کەرکوک لە باکووری عێراقەوە تا شاری بانیاسی کەناراوی سوریا دەڕوات ڕابگەیەنرێت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  بۆ ئەمریکا، کە بڕیارە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی دیدارێک ئەنجام بدات

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ لە سووریا و عێراق، کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە پێش سەردانەکەی زەیدی، کە پێشبینیش دەکرێت وەستانی لە ویلایەتی تەکساسیش لەخۆبگرێت کە ناوەندێکە بۆ کەرتی وزەی ئەمریکا.

هەروەها بەرپرسێکی باڵای عێراقی بە ماڵپەڕەکەی وتووە، باراک پەیوەندییەکی باشی کارکردنی لەگەڵ زەیدی هەیە و هەوڵدەدات پڕۆژەی بۆرییەکە وەک مۆدێلێک بۆ پڕۆژە بازرگانییەکان لە ناوچەکە بەکاربهێنێت، ئەو پڕۆژانەی کە باراک لەمێژە هەوڵی بۆ داوە سوودبەخش دەبێت بۆ وڵاتی ئەمریکا و ئەو دەوڵەتانە.