دوای ئەوەی ماوەی زیاتر لە ساڵیكە حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستان پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاندووە، هاووڵاتییان نیگەرانن لە شێوازی پێدان و کارەبا و نزخەکەی، بەڵام وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا باسلەوەدەکات کە هاووڵاتییان سوودمەندی پرۆژەکەن.

پڕۆژەی ڕوناكی لە پەیجی فەرمی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە مانگی پێنجدا نیوەی هاووڵاتییان لە پڕۆژەی ڕووناکیدا کەمتر لە ٣٨٠٠٠ دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە لە ماوەی ٤١ ڕۆژدا.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، زیاتر لە ٩٠٪ هاووڵاتییانی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە لەڕێگای پڕۆژەی ڕووناکی.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوای نزیکەی لە دوو ساڵ لە راگەیاندنی پرۆژەی ڕووناکی، هێشتا بەشێکی پرۆژەکە لەلایەن هاووڵاتییانەوە شکست خواردوو ناو دەبرێت، چونکە هێشتا نەتوانراوە بە بەردەوامی کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت، چەندین جاریش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کارەبا بڕاوە و بۆ ماوەیەکی زۆر نەهاتووەتەوە.

هەروەها هاووڵاتییان لە گرانی نرخەکەی نارازین و پێیانوایە لە سوودی هاوڵاتییان نییە، چونکە نرخی هەر کیلۆواتێک کە پێشتر ١٨ دیناربوو، بەڵام لە پرۆژەی ڕووناکی کراوە بە کراوە بە (٧٢-٣٠٠)دینار لە پرۆژەی ڕووناکی.

هاوکات لە ماوەی رابردوودا لە دهۆک و پێنجوێن و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێم دژی پرۆژەکە نارەزایەتی دەربڕاوە و پێیانوابووە، پرۆژەکە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نییە.