زیانەکانی ئەم دیاردەیە تەنها لە چوارچێوەی خێزاندا نامێننەوە، بەڵکو دەبنە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە،  ئەو منداڵانەی لەناو ماڵەکانیاندا ڕووبەڕووی ئازاردان دەبنەوە، هەستی ئاسایش و سەقامگیری لەدەست دەدەن، ئەمەش گەشەی دەروونی و کۆمەڵایەتییان تێکدەدات و ڕێگا خۆش دەکات بۆ سەرهەڵدانی کێشەی خوێندن و ڕەفتاری نادرووست کە ڕەنگە تا تەمەنی گەورەبوونیان لەگەڵیاندا بمێنێتەوە.

لە دیدارێکی تایبەت بۆ ئاژانسی “ڕۆژنیوز”، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایسن بۆ مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی بەردەوام، ئەنسام سەلمان، هۆشداریی دا لە لێکەوتە نیشتمانییەکانی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق و ڕایگەیاند: کە شوێنەوارەکانی ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی خێزاندا کورت نابنەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی. ناوبراو ڕەخنەی لە نەبوونی ژینگەیەکی گونجاو گرت بۆ گەشەی منداڵان کە بڕیارە سەرکردایەتی داهاتوو بکەن، لە کاتێکدا لەژێر گوشاری دەروونیی قورسی سەرپەرشتیارانیاندادان.

بەپێی شیکارییەکانی ناوبراو، پەرەسەندنی ئەم ڕەفتارە بۆماوەییە، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە پاشماوەکانی شەڕ، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕادەگرەوە هەیە. لە کۆتایی وتەکانیدا، ناوبراو ئاماژەی بە لایەنە کلینیکی و ڕەفتارییەکانی توندوتیژی کرد، کە خۆی لە پێکانە جەستەییە سەختەکانی وەک شکاوی و سووتان دەبینێتەوە؛ ئەمەش لایەنە قوربانییەکە تووشی گرێی دەروونی درێژخایەن دەکات و دەبێتە هۆی گواستنەوەی بازنەی توندوتیژی لەناو خێزانەوە بۆ ناوەندە گشتییەکانی وەک قوتابخانە و شەقام.

بەوتەی سەرۆکی ڕێکخراوی ئایسن، دیاردەی پەردەپۆشکردنی توندوتیژیی ناوخۆیی، ڕەهەندێکی کولتووری قووڵی هەیە کە پەیوەستە بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانەوە؛ بەشێک لە خێزانەکان چەمکی توندوتیژی دژی منداڵ وەک پێشێلکارییەک پێناسە ناکەن، کە پێویستی بە دەستێوەردانی دامەزراوەیی هەبێت، بۆیە ڕەتکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی لە ژێر پاساوی “مافی ڕەهای پەروەردەکردندا”، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر زاڵبوونی تێڕوانینی خاوەندارێتی بەرامبەر بە منداڵ.

لە لایەکی دیکەوە، ناوبراو ئاماژە بە میکانیزمەکانی پاراستنی منداڵ وەک هێڵی پەیوەندی (٩١١) دەکات و جەخت دەکاتەوە،  لەوەی  هەرچەندە لایەنە ئەمنییەکان ئەرکی ڕاپەڕاندنی یاسا جێبەجێ دەکەن، بەڵام کاریگەرییان لە کەمکردنەوەی دیاردەکەدا سنووردارە.

 ئاماژە بەوەشدەکات کە کێشەکە لە قۆناغی “کاردانەوەی دوای تاوان”دا چارەسەر نابێت، بەڵکو سەرکەوتنی ئەم دۆسیەیە بەندە بە داڕشتنی پەیڕەو و ڕێوشوێنی پێشوەختەی خۆپارێزی کە ڕێگری لە سەرهەڵدانی خودی تاوانەکە بکەن.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایسن بۆ مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی بەردەوام دووپاتیدەکاتەوە کە کەمکردنەوەی تاوانەکان لە دەستنیشانکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکانیانەوە دەستپێدەکات، کە لە سەرووی هەمووشیانەوە توندوتیژیی خێزانی دژی منداڵانە،  بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لە ڕێگەی کەمپینی بەرفراوانی هۆشیارییەوە کولتووری ڕەتکردنەوەی توندوتیژی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاوبکرێتەوە و خولی ڕاهێنان بۆ دایک و باوکان ڕێکبخرێت، هاوکات گرنگە ئەو کەسانەی نیازی هاوسەرگیرییان هەیە ناچار بکرێن بە ئەنجامدانی پشکنین و هەڵسەنگاندنی گشتگیر بۆ تەندروستی دەروونی، عەقڵی و دەمارییان، چونکە ئەم هەنگاوە بەشدار دەبێت لە بنیادنانی خێزانی سەقامگیر و بەتوانا کە بتوانن منداڵ بە شێوازێکی تەندرووست پەروەردە بکەن.

ئەنسام سەلمان جەخت دەکاتەوە کە دوای چارەسەرکردنی هۆکارەکان، پێویستە بچینە قۆناغی جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی یاسایی توند دژی هەر کەسێک کە توندوتیژی بەرامبەر بە لایەنە لاوازەکان بەکاردێنێت، بەتایبەت کە ژنان و منداڵان لاوازترین توێژەکانی کۆمەڵگەن و زۆرجار لایەنی بەهێزتر ئەم لاوازییە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی دەقۆزێتەوە.

هاوکات پێویستە کولتووری مافەکانی مرۆڤ لەناو کۆمەڵگەدا دووبارە بڵاو بکرێتەوە، بە شێوەیەک کە چەمکی توندوتیژیی خێزانی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بە تەواوی ڕەتبکرێتەوە و وەک پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی مرۆڤ سەیر بکرێت، نەک تەنها وەک بابەتێکی خێزانیی تایبەت. بەدیهێنانی ئەمەش پێویستی بە بوونی ڕاگەیاندنێکی بەهێز و بەرپرسیار ئامادەیە کە تیشک بخاتە سەر ئەم دیاردەیە و ئاستی هۆشیاریی گشتی بەرز بکاتەوە.

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایسن لایەنی ئەرێنی و گرنگی ڕۆڵی دەزگا ئەمنییەکانی وەک پۆلیسی کۆمەڵایەتی و دادگاکانی خێزان کەم ناکاتەوە و ستایشی هەوڵەکانیان دەکات، بەڵام پێی وایە بەردەوامبوونی پەرەسەندنی حاڵەتەکان بە پلەی یەکەم بۆ لاوازیی یاساکان دەگەڕێتەوە. بە وتەی ئەو، قبوڵکراو نییە کەسێک تاوانی توندوتیژیی خێزانی ئەنجام بدات و پاشان تەنها بە واژۆکردنی بەڵێننامەیەک و بەبێ سزایەکی ڕاستەقینە بگەڕێنرێتەوە بۆ ماڵەکەی، بەڵکو دەبێت سزاکان توند و ڕێگربن، جا چ لە ڕێگەی سزای دارایی قورسەوە بێت یان بەندکردن، تا پاراستنی قوربانییەکان مسۆگەر بێت و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانە بکات.

لەدرێژەی  قسەکردنیدا لەسەر دامەزراوە حکومییەکان، ئەنسام سەلمان ئاماژە ى بەوەکرد، کە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دەزگای فەرمی و تایبەت مەندە بەم مەلەفە لە عێراقدا، بەڵام بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە زیاتر لە پێنج ساڵە ئەنجومەنی کۆمیسیاران پێکنەهێنراوە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانی کۆمیسیۆنەکە دروستکردووە و توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لاواز کردووە. سەرەڕای ئەم ئاستەنگانەش، ناوبراو ستایشی هەوڵەکانی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنەکە دەکات کە بەردەوامن لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت، چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو توێژانەی ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، کە لە پێشەنگیاندا منداڵانن.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵیان تەنها لە هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوەدا کورت نەبێتەوە، بەڵکو کار بکەن بۆ ئامادەکردنی توێژینەوە و ڕاپۆرتی زانستی کە حاڵەتەکانی توندوتیژیی خێزانی بە دۆکیۆمێنت بکەن، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە دەستنیشانکردنی قەبارە، ئاراستە و شێوازە باوەکانی ئەم دیاردەیە. ئەم توێژینەوانە بەشدار دەبن لە دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ کێشەکانی منداڵان و داڕشتنی ڕەشنووسی ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە پاراستنی منداڵان بە هاوکاری لەگەڵ لێژنە پەرلەمانییە تایبەتمەندەکاندا.

سەبارەت بە داتا و ئامارەکان، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایسن ڕوونی دەکاتەوە کە ڕێکخراوەکەیان تەنها پشت بە ئامارە فەرمییەکانی لایەنە حکومییەکان یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت و دوور دەکەوێتەوە لە خەمڵاندنی بێ بەڵگە. بەڵام ئاماژە بە کێشەیەکی بنەڕەتی دەکات کە ئەویش یەکنەخستنی ئامارەکانە لە نێوان لایەنە حکومییە جیاوازەکاندا؛ چونکە زانیارییەکانی دادگاکانی خێزان جیاوازن لە داتاکانی پۆلیسی کۆمەڵایەتی، و هیچ بنکەدراوەیەکی یەکگرتوو یان پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی نییە کە بتوانرێت بۆ بەدەستهێنانی ژمارەی دروست و گشتگیر پشتی پێ ببەسترێت.

بەهۆی ئەم پەرشوبڵاوییەوە، ئەو ئامارانەی دەگەنە ڕێکخراوەکان ڕەنگە کەمتر یان زیاتر بن لە ژمارەی ڕاستەقینە، بۆیە ناتوانرێت باس لە ڕێژەیەکی ورد بکرێت کە تەواوی واقیعەکە ڕەنگ بداتەوە. زۆربەی ئامارەکانی توندوتیژیی خێزانی بە شێوەی ساڵانە و دوای کۆتایی هاتنی ساڵ ڕادەگەیەنرێن، کە زۆرجار حاڵەتە تۆمارکراوەکان دەگەنە دەیان هەزار، بەڵام واقیعی تاوانەکە زۆر لەم ژمارانە گەورەترە چونکە بەشێکی زۆری حاڵەتەکان بە شاراوەیی لە پشت دیوارەکاندا دەمێننەوە و ڕاپۆرت ناکرێن.

ئەنسام سەلمان لە کۆتایی قسەکانیدا هۆشداری دەدات لەوەی کە دیاردەی توندوتیژیی خێزانی لە عێراقدا لە هەڵکشانێکی بەردەوام و نیگەرانکەردایە، و بەردەوامبوونی دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکجاریی خێزان و کۆمەڵگە پێکەوە، بۆیە داوای دەرکردنی یاسایەکی توندتر و ڕادەگرتر دەکات، لە پاڵ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی و چالاککردنی ڕۆڵی دەوڵەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە پاراستنی ڕاستەقینەی منداڵان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی ئارامتر و سەقامگیرتر بۆ خۆیان و تەواوی کۆمەڵگەی عێراقی.