لەناو زیندانەکانی هەرێم چەندین تۆمەتبار هەن کە بە تۆمەتی بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و لەبەر ئەم ماددە نەفرەتییە چارەنووسیان کەوتووەتە زیندانەوە کە ئازار بە خۆیان و خانەوادەکانیشیان دەچێژن، بۆیە ماددە هۆشبەرەکان هەم تاک لە ئازادی بێبەش دەکات و هەم شیرازەی کۆمەڵگەش تێکدەدات.
وەک تیمی ئاژانسی ڕۆژنیوز سەردانی یەکێک لە زیندانەکانی شاری سلێمانی دەکەین، هاتووین تۆمەتبارێک بدوێنین کە ماددەی هۆشبەر گەیاندوویەتی بە کونجی زیندان و مەبەستمانە لە زاری خۆیەوە چیرۆکی تووشبوونی بەو ماددەیە و گەیشتنی بە زیندان بگێڕێتەوە.
کاروان ناوی خوازراوی ئەو تۆمەتبارەیە کە جاری سێیەمیەتی لەسەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکر بکرێت، چیرۆکی ئەم تۆمەتبارە لە ساڵی ٢٠١٨ـوە دەست پێدەکات کاتێک تەمەنی ٢٠ ساڵ بووە و وەک خۆی دەڵێت: هاوڕێیەکانی تێکەڵی ئەم ماددە پیس و کوشندەیەیان کرددوە.
کاروان دەڵێت: بەهۆی هاوڕێکانمەوە تووشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووم، لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ماوەی ساڵێک و شەش مانگ زیندانی کرام، دوای ئازادبوونم کاتێک هاوڕێکانم بینییەوە دیسان دەستم پێکردەوە، لە ٢٠٢٤ دووبارە دەستگیر کرامەوە، دوای ماوەیەک ئازاد کرام و ئێستا بۆ جاری سێیەم چارەنووسم لە زینداندایە.
دوای سێ جار دەستگیرکردن ئێستا کاروان دەڵێت: تەمەنم ٢٥ ساڵە، تێدەگەم بەکارهێنانی ئەم ماددانە تەنها زیانی هەیە، بۆیە زۆر پەشیمانم لەوەی کردوومە.
عەقید کارزان شێرکۆ کە وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمە، باس لە ئامارێکی سەرنجڕاکێش دەکات و ڕوونیدەکاتەوە، بەپێی ئامارەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا ٢٧٢ بەکارهێنەر و ١٧٧ بازرگانی ناوخۆیی و١٠٣ بازرگانی نێودەوڵەتی و ١٧ تۆمەتباری دیکەش تۆمار کراون کە کۆی گشتی تۆمەتباران ٥٦٩ کەس بووە.
عەقید کارزان شێرکۆ ڕوونیکردەوە، بەراورد بە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥، ئەمساڵ ئەم ژمارانە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە کە ژمارەیان ٣١١ کەسە کە بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنان تۆمارکراون، دەشڵێت: ئەوە پێمان دەڵێت بە نزیکی نیوەی ئەوانەی تۆمەتبار و زیندانی کراون کەمترە، پێشمان دەڵێت لە حاڵەتەوە نەبووەتە دیاردە.
بە وتەی وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٥ جیاوازی تەمەن لە نێوان موالیدی ١٩٥٤ تاوەکو ٢٠٠٩ بووە، بەڵام ئەمساڵ ڕاگیراوان لە موالیدی ١٩٦٣ تاوەکو ٢٠١٠ بوون، کەمترین تەمەنی بەکارهێنەر ١٦ ساڵ بووە، هاوکات لە هەر ١٠٠ بەکارهێنەرێک، چوار کەسیان ژنن.
بە پێی ئامارەکەی دەزگای ئاسایش، شەش مانگی ئەمساڵ بەراورد بە شەش مانگی ساڵی ڕابردوو دەستگرتن بەسەر جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکاندا کەمی کردووە، شەش مانگی پار ٥٤٥ کیلۆ ٨٠٥ گرام دەستی بەسەرداگیراوە، شەش مانگی ئەمساڵیش ٤٣٢ کیلۆ ٨٢٦ گرام دەستی بەسەردا گیراوە.
یاساکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تایبەت بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە زۆر توند و سەختن، هەر کەسێک بەو تۆمەتە دەستگیر بکرێت و بەسەریدا ساغ ببێتەوە، دووچاری سزای توندی ئەو یاسایانە دەبێتەوە کە بۆ هەر جۆرێکی سزایەکی جیاوازی هەیە.
پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاساى ژمارە (١)ـى ساڵى ٢٠٢٠ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و كارتێكارە عەقڵییەكانی دەرکردووە کە سزاکەی لە لەسێدارەدانەوە دەستپێدەکات تا سزای پێبژاردنی پارە کە سوکترین سزایەتى.
سەرکار مەحموود ڕاوێشکاری یاسایی لە هەرێمی کوردستان بە ڕۆژنیوزی وت: یاساکان تا ڕادەیەک ڕێگرییان کردووە بەڵام تاکو ئێستاش کەموکوڕی هەیە پێویستی بە هەمووارکردنەوە هەیە، بەجۆرێک تاکو ئێستا نەمانتوانیوە ئەو پێداویستییانە دابین بکەین کە لە یاساکەدا هەیە، وەک سەنتەری شیانەوە لە شارەکاندا.
ئەو پارێزەرە دەشڵێت: بەهۆی ئەو لۆدەی لەسەر زیندانە چاکسازییەکان هەیە، هۆڵەکان جیانەکراوەتەوە، ئەوەش بووەتەی هۆی ئەوەی کاتێک سزادراوێک بەکارهێنەر بووە کە چووەتە ئەوێ و هاتووەتە دەرەوە بووەتە بازرگان، بۆیە ڕێژەی بەکارهێنان و بازرگانیکردن زۆرە، دەبێت بە مەترسی لێ بڕوانین، چونکە یاسا بە تەنها چارەسەری ئەو کێشەیە ناکات، بەڵکو چارەسەرکردنی ئەم بابەتە پێویستی بە چارەسەری هەمەلایەنەن هەیە.
بەپێی ئامارێک کە ئەو پارێزەرە بۆ ڕۆژنیوز خستییەڕوو، زۆربەی ئەو کەیسە تاوانکارییانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕوو دەدەن، بازرگانیکردن یان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، بەجۆرێک نزیکەی شەش هەزار سزادراو لە هەرێمی کوردستان هەیە کە یەک لەسەر پێنجی ئەوانە سزادراوی ماددەی هۆشبەرن.
لە یاساکەی تایبەت بە قەدەغەکردنی ماددە هۆشەبەرەکان ئاماژە بە درووستکردنی “سەنتەری شیانەوە” کردووە بۆ ئەوەی بەکارهێنەران دووبارە پەروەردە بکرێن و بگەڕێندرێنەوە ناو کۆمەڵگە، بەڵام بە وتەی سەرکار مەحموود ئەوە یەکێکە لەو کێشانەی کە تا ئێستا ئەو سەنتەرانە درووست نەکراون.
کاروان پەشیمانییەکی قوڵ لەناوچاویدا دەبینرێت و نیگەرانی ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەیە کە بەهۆی ئەم ماددەیەوە لەدەستیداوە و دەڵێت: پەیوەندیم لەگەڵ خێزانەکەم خراپە، بە هۆی بەکارهێنانی ئەم ماددەیە پێیان وتم هیچ پەیوەندیەکت پێوەناکەین، دایکم پێیوتم ئێستا لە زیندان بیت دڵم ئارامترە وەک لەوەی لە دەرەوە بیت و ئاگاداری بارودۆخت نەبم.
ئێستا ئەو کە خۆی لەناو ناڕەحەتی و سەختییەکانی ناو زیندان ژیان دەکات پەیامی بۆ دایک و باوکان ئەوەیە، ئاگاداری منداڵەکانیان بن، ڕێگە نەدەن منداڵەکانیان هاوڕێیەتی کەسانی نادرووست بکەن، ئاگاداری ئەو شوێنانەبن کە بۆی دەڕۆن.
بەرپرسەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرایە و ئەم سەنتەرانە هەبوونایە، تاوەکو چارەسەر نەکرابان دادگایی نەدەکران و وەک قوربانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئەم سەنتەرانە، بەکارهێنەر دادگایی دەکرێت.
کۆتا پەیامی عەقید کارزان شێرکۆ بۆ دایک و باوکانە و داوایان لێدەکات ئاگاداری منداڵەکانیان بن کە پارەیەکی زۆر دەخەنە بەردەستی منداڵەکانیان بزانن چی لێدەکەن و بەچی سەرفی دەکەن، لەوەش گرنگتر دەڵێت: ئاگاداری نیشانەکانی جەستەی منداڵەکانیان بن.
بەشێک لەو کەسانەی لەلایەن دادگاکانەوە سزادراون و ئێستا لە زیندانەکانی چاکسازیدان، توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی ڕۆژانە چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتییان پێدەدرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ کۆمەڵگە و دوورکەوتنەوەیان لە ماددە هۆشبەرەکان هەبێت.
یادگار ئیسماعیل توێژەر و چارەسەرکاری دەروونییە لە زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانی و چارەسەری دەروونی دەدات بەو کەسانەی بە تۆمەتی ماددە هۆشبەرەکان سزادراون و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ڕاهێنانەوەی توشبووانی ماددەی هۆشبەر بەیەک لایەن ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری هەموو لایەک دەبێت.
ئەو توێژەرە داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکار بن بۆئەوەی هەر نیشانەیەکیان بینی لە کەسی بەکارهێنەر، لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکەنەوە، جەختیش دەکاتەوە ئەمە هەڕەشەیەکە بۆ داهاتووی هەرێم، چونکە ئامارەکان هێشتا لە بەرزیدان.
هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی ماددە هۆشبەرەکان مەترسییەکی گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕووبەڕوبونەوەی ئەم مەترسییە پێویستی بە کارکردنی هاوبەش و هەمە لایەنە هەیە تاکو کۆمەڵگە هۆشیار بکرێنەوە لە ئاست ئەو مەترسییە گەورەیە.
بەپێ ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراق یەکێک بووە لە پاکترین ئەو وڵاتانەی کە کەمترین بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەری تێدابووە، بەڵام لە ئێستادا عێراق و هەرێم لە دوای ٢٠ ساڵ بوونەتە ناوەندێکی بەکارهێنان و بازرگانیکردن، تەنانەت بوونەتە ڕێڕەوێک بۆ بازرگانی نێودەوڵەتى بەم ماددەیەوە.
