دوای سێ ڕۆژ بەردەوامبوونی فێستیڤاڵی فیلمی جینۆساید لە شارۆچکەی چەمچەماڵ و نمایشکردنی ٤٤ فیلم، ئێوارەی ئەمڕۆ فێستیڤاڵەکە کۆتایی هات و لە مەراسیمێکیشدا خەڵات بەسەر باشترین فیلمی فێستیڤاڵەکە دابەشکرا.
ئەمڕۆ کە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکە بوو، دوای ئەوەی چەند فیلمێک نمایشکرا، پاشان لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵ ئەنجامدرا، سەرەتاش ئامادەبووان چەند چرکەیەک بۆ ڕووحی شەهیدان بە بێدەگی وەستان.
پاشان ئیدریس شەوکەت، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری چەمچەماڵ و سەرۆکی فێستیڤاڵ وتەیەکی پێشکەش کردوو وتی: لە دوای سێ ڕۆژ لە بەردەوامی ئەمڕۆ فێستیڤاڵەکە کۆتایی هات، سوپاسی تەواوی ئەوکەسانە دەکەین بەهەر شێوەیەک هاوکار بوون.
پاشان درێژەی مەراسیمی کۆتایی فێستیڤاڵەکە، لەلایەن گرووپی هونەری چەمچەماڵەوە، چەند پارچە گۆرانی و میوزیکێکیان پێشکەشی ئامادەبوان کرد.
پاشان دڵشاد موستەفا، سەرۆکی لیژنەی دادوەی وتارێکی پێشکەش کردوو وتی: ئێمە وەک لیژنەی دادوەران شانازی دەکەین لەم خوولەدا بینەری ژمارەیەکی زۆر لە فیلمی جوان بووین، لەهەمان کاتدا چەند فیلمێکیان پێویستیان بەپێداچونەوە و کارکردنی زیاتر هەیە، وەک لیژنەی داوەری چەندین پڕەنسیپمان بەکارهێنا بۆ دیاریکردنی فیلمەکان.
لە مەراسیمەکە خەڵاتی یەکەمی فیلمی چیرۆک ئامێزی فێستیڤاڵ درا بە “کۆشکی مێروولەکان” لە دەرهێنانی تۆفیق ئەمامی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوو بۆ فێستیڤاڵەکە.
هەروەها خەڵاتی دووەمی فیلمی چیرۆک ئامێز بەخشرا بە فیلمی “فایلی ژمارە یەک” لە دەرهێنانی سۆنیا جەلیل زەنگە، هەروەها خەڵاتی سێیەمی فیلمی چیرۆک ئامێز بەخشرایە “خەونا بێ زمان” لە دەرهێنانی مەزڵوم باران تەکین لە باکووری کوردستانەوە بەشداری فێستیڤاڵەکەی کردبووە.
پاشان خەڵاتی باشترین فیلمی دێکیۆمێنتاری بەخشرا بە فیلمی “ژیان لە ئەرشیفدا” لە دەرهێنانی بورهان ئەحمەدی دانیشتووی شاری سنە، کۆتا خەڵاتیش بۆ باشترین فیلمی کۆڕناڵ بەشخرایە فیلمی “لیمواز هەمە چی خبر داشت” لە دەرهێنانی ئیدریس مەحمودیان.
س. ع
