وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانیاندا بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووری و تەندرووستی لە مانگی موحەڕەمدا، دەیان بازرگان و سەرپێچیکارییان دەستگیرکردووە کە تێوەگلاون لە یاریکردن بە نرخی دراو، بەرزکردنەوەی نرخی خۆراک و ساغکردنەوەی کاڵای ماوەبەسەرچوو.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرای کرد، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان ئەنجامداوە.
لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەشدا ٧٧ تۆمەتبار بەهۆی یاریکردن بە نرخی ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەکان دەستگیرکراون و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ٦٥ بازرگان گیراوەتەبەر کە دەستکاریی نرخی خۆراکی سەرەکییان کردووە، ئەمە جگە لەوەی دەست بەسەر ٣٤ تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو و زیانبەخشدا گیراوە.
بەوتەی میری ٢٢ کەسی دیکە بەهۆی پێشێلکردنی ڕێنمایی و مەرجە تەندرووستییەکانەوە دەستبەسەرکراون.
وەزارەتی ناوخۆ لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هۆشداری توندی دایە سەرپێچیکاران و دووپاتی کردەوە، چاوپۆشی لە هیچ کەسێک ناکەن کە بیەوێت هاووڵاتییان بەکاربهێنن یان زیان بە تەندرووستیی گشتی و سەقامگیریی ئابووریی وڵات بگەیەنێت.
ئـ.ع
