عەلی یاسین وتەبێژ و بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی دەستەی گەشتوگوزارى سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ کاندیدی کردنى گوندەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕیزبەندی ١٠٠ باشترین گوندی جیهان، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.
عەلی یاسین ڕایگەیاند، لیژنە تایبەتمەندەکان بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی گوندەکان بوون، ئەم هەڵسەنگاندنە بەپێی ٧٠ ستانداردی وردی ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە.
وتیشی: گرنگترین ئەو پێوەرانەی کاریان لەسەر کراوە پێکهاتوون لە: پەرەپێدانی هۆشیاریی ژینگەیی و پاراستنی سروشت، گرنگیدانی کۆمەڵگەی ناوخۆیی بە پیشە دەستییەکان، میرات و فۆلکلۆر، پەیڕوکردنی پرەنسیپی بەردەوامیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکاندا.
گوندە کاندیدکراوەکان دەکەونە ئەم ناوچانەوە: گوندەکانی سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە، هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی عێراق، گوندەکانی سنووری پارێزگای موسڵ، لەگەڵ گوندی “ئەبو سوبەت” لە پارێزگای زیقار.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئامانجی سەرەکی تەنیا بردنەوە نییە، بەڵکو گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگایە بەرامبەر بە گەشتیاریی و پاراستنی ژینگە لە چوارچێوەى گۆڕانی کەشوهەوادا.
عەلی یاسین جەختى لەوە کردەوە، کە پەرەپێدانی گەشتیاریی ژینگەیی لە گوندەکاندا، بە مانای قیرتاوکردن و درووستکردنی هۆتێلی گەورە نییە، بەڵکو مەبەست لێی درووستکردنی هاوینەهەواری سرووشتییە کە لەگەڵ ژینگەی ڕەسەنی گوندەکەدا بگونجێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکخراوی گەشتیاریی جیهانی (کە ١٦٠ وڵات لەخۆدەگرێت) هاوکاریی عێراق دەکات بۆ ڕاهێنانی ستافی ناوخۆیی لەسەر چەمکی “گەشتیاریی بەرپرسیارانە”، بە تایبەت لە بوارەکانی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، بەکارهێنانی عاقڵانەی سەرچاوەکانی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەرپرسانی کەرتی گەشتوگوزار هیواخوازن، ئەم پێشبڕکێیە ببێتە هۆی ناساندنى ناوی ئەم گوندانە لەسەر ئاستی جیهانی بە درێژایی ساڵ، هەروەها لە ئێستادا گەورەترین ئاڵنگارى فراوانکردنی تێگەیشتنی کۆمەڵگەی ناوخۆیی و ڕاکێشانی کەرتی تایبەتە بۆ ناو پرۆسەکە، تا کەرتی گەشتیاری لە عێراقدا لە تەنیا یەک جۆرەوە (شوێنەواری یان ئاینی) بگۆڕێت بۆ کەرتی بەرهەمهێن و کێبڕکێکار لە ڕێگەی تێکەڵکردنی گەشتیاریی ژینگەیی، شاخەوانی، میرات و کلتور.
هـ.ئ
