ئەمڕۆ، لە کۆلە مۆزەخانەی شاری سلێمانی، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ژمارەیەک سکەی زیوی ڕادەستی مۆزەخانەکە کرد.
عەقید کارزان شێرکۆ، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ٦٨٥ سکەی ئەسڵی زیو، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢ و ١٣ـی زاینی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم لەکاتی مامەڵەکردن پێیانەوە لە دەستی سێ تۆمەتبار دەستی بەسەردا گیرابوو و هەر سێ تۆمەتبارەکەش کە مامەڵەیان پێوە دەکرد، بە ماددەی ٢٤ لە یاسای ژمارە پێنجی ساڵی ٢٠٢١ـی پاراستن و بەڕێوەبردنی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کران.
وتیشی: ئەمڕۆ ئەو سکانە ڕادەستی مۆزەخانەی سلێمانی دەکەین بە مەبەستی پاراستنی، ئەم سکانە بە ماددە ناپێورێت و بەهای تایبەتیان هەیە.
پاشان هاشم حەمە عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سلێمانی وتی: ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ژمارەیەکی زۆر سکەی زیوییمان بە دەست گەشتووە، ئاسایش بەردەوام پاڵپشت و ڕێگرە لەوەی کە مامەڵە بەم شوێنەوارانەوە بکرێت، ئەم سکانە لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی نمایش دەکرێت، کە ژمارەیان ٦٨٠ سکەی سەردەمی ئیلخانییەکانە و گرنگی مێژووییان هەیە.
سەردەمی ئیلخانییەکان (سەدەی ١٣ تا ١٤ـی زاینی-نزیکەی ١٢٥٦ تا ١٣٣٥ز) یەکێک بوو لە سەردەمە گرنگەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە کە تێیدا سیستەمێکی ئابووری و دارایی نوێ پەیڕەو کرا و بۆ تێپەڕاندنی مامەڵەی ڕۆژانە کاریان بە سکەی زیوی کردووە.
ڤ.م
