عەلی نیعمە شارەزایەکى ئابووری سەبارەت بە دەنگۆکانى گۆڕینى نرخى دینار و لابردنى سفرەکانى، هەروەها دۆخى ئابوورى وڵات، بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز دەدوێت.

عەلی نیعمە ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک پەیوەندیدار بێت بە گۆڕینی دراوی عێراقی یان نرخی ئاڵوگۆڕی دینار، ناکرێت بە سەربەخۆ و بەبێ ڕەچاوکردنی چوارچێوە یاسایی و دامەزراوەییەکان ئەنجام بدرێت، هەنگاوی لەم شێوەیە پێویستی بە ڕێکاری جۆراوجۆر هەیە، لەوانە ڕەزامەندی بانکی ناوەندیی عێراق و دەرکردنی یاسای پێویست لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، چونکە ڕەنگدانەوەی بەرفراوانی لەسەر ئابووری و کۆمەڵگە دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕینی دراو بە هەر شێوەیەک بێت، بڕیارێکی ئابووریی کاریگەر و بەرفراوانە، بەتایبەت کە پەیوەستە بە بازاڕە ناوخۆییەکان و پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی تردا، هەروەها هۆشداریدا لە دەستپێکردنی بڕیاری لەم شێوەیە بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی ورد، ڕەنگە ببێتە هۆی لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئابووری.

ئەوەشی خستەڕوو، بەرز و نزمى نرخی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر هاووڵاتییان دەبێت، بەتایبەتی توێژی کەمدەرامەت، کە توانای دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و گۆڕانکارییەکانی بازاڕەوە کاریگەری سەرەکی دەبێت.

دووپاتی کردەوە، بەپێی یاسای بانکی ناوەندی خاوەن سەربەخۆیی خۆیەتی لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی نەختینەیی، لەوانەش بەڕێوەبردنی دراو و دیاریکردنی سیاسەتەکانی نرخی ئاڵوگۆڕ، ئەمەش وا دەکات هەڵوێستی فەرمی ئەم دامەزراوە نەختییە ببێتە مەرجەعی هەرە گرنگ لەم دۆسیەیەدا.

ئەو شارەزایەی ئابووری جەختیشی کردەوە، لێدوانی فەرمی لایەنی پەیوەندیدار دەبێت ببێتە بنەما بۆ هەڵسەنگاندنی هەر ئاراستەیەک کە پەیوەندی بە دراو یان نرخی ئاڵوگۆڕەوە هەیە، وەک هەڵوێستێکی پەسەندکراوی دامەزراوەیی، هەروەها  لێدوانە نافەرمییەکان یان ئەوانەی لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاودەکرێنەوە ناکرێت سروشتی بڕیارە نەختینەییەکان یەکلا بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆى کەم بوونەوەى هەناردەى نەوتى عێراق بۆ دەرەوەى وڵات و نەبوونى نەختینەیی حکومەت تووشی گرفتێکى گەورە بوویەوە، مانگى ڕابردوو مووچەى فەرمانبەرەکانى بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک دواکەوت، مەترسی هەیە ئەم کێشەیە بۆ مانگەکانى دیکە بەردەوام بێت، بەشێک لەشارەزایان بۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکە پێشنیارى لابردنى سفرەکانى سەر دینارى عێراقیان کرد.

هـ.ئ