زیاتر لە دوو مانگە حکومەتەکەى زەیدی متمانەى پەرلەمانى وەرگرتووە و دەستبەکار بووە، بڕیار بوو پێش سەردانەکەى زەیدی بۆ ئەمریکا وەزارەتە بەتاڵەکان پڕ بکرانایەتەوە، بەڵام ناکۆکییەکانى لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو پۆستانە پشووەکانى پەرلەمان ڕێگرى لەو کارە کرد، ئێستا پشووەکانى پەرلەمان تەواو بوو، بەڵام ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان تەواو نەبوون.
ئەو وەزارەتانەی کە تا ئێستا بە بەتاڵی ماونەتەوە بریتین لە وەزارەتەکانی (بەرگری، ناوخۆ، خوێندنی باڵا، پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە، کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆچ و کۆچبەران، ڕۆشنبیری و شوێنەوار، وەرزش و لاوان).
محەمەد حەسناوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى “بزووتنەوەی حقوق” دەڵێت: دواخستنی دەنگدان لەسەر پۆستە وەزارەتە ئەمنییەکان مەترسییەکی گەورە لەسەر دۆخی گشتی درووست دەکات، بەهۆی هەستیاریی پێگەکەیانەوە، دەبوو پڕکردنەوەی ئەم پۆستانە لە پێشینەی کارەکانی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان بێت پێش هەر وەزارەتێکی دیکە.
چاودێرانی کاروباری عێراق هاوڕان لەسەر ئەوەی کە مانەوەی وەزارەتە ئەمنییەکان بەبێ وەزیری سەرکەوتوو، ئەدای جێبەجێکردنی دەسەڵاتی سەربازی لاواز دەکات و دەبێتە هۆی دواکەوتنی پلانە ستراتیژییەکان.
هاوکات هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی هێشتا داوای هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەرگری دەکات، لە کاتێکدا ئەم داواکارییانە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی ترەوە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبنەوە، هەروەها هاوپەیمانیەکەى سودانیش داواى وەزارەتە ئەمنییەکان دەکات، هەندێک لایەنی سیاسی کە باڵی چەکداریان هەیە، پێیان وایە بەشی وەزاری خۆیان دەستنەکەوتووە، ئەمەش دانوستانەکان هێندەی دیکە ئاڵۆز دەکات.
بەشێک لە ئاڵۆزییەکە بەستراوەتەوە بەوەی کە پێی دەڵێت "ڤیتۆی ئەمریکا" لەسەر هەندێک هێزی سیاسی؛ واشنتۆن مامەڵەکردنی لەگەڵ هەندێک لایەن گرێدەدات بە پرۆسەی ڕادەستکردنی چەک و کۆتاییهێنان بە باڵە چەکدارییەکان، بە تایبەت کە ژمارەیەک لەو هێزانە خاوەنی نوێنەرایەتی پەرلەمانین لە خولی ئێستای پەرلەماندا.
دۆسیەکە تەنیا لەژێر کاریگەری گوشارەکانی ئەمریکادا نییە، بەڵکو لەژێر کاریگەری پێوەرە ناوخۆییەکان و گوشارەکانی ئێرانیشدایە، ئەمەش گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئاڵۆزتر دەکات.
زیاتر لە دوو مانگە حکومەتى عێراق لە کۆی ٢٣ وەزارەت نۆ وەزارەتى بە وەکالەت بەرێوە دەبات، ئەمەش پرسیارى ئەوە درووست دەکات، ئایا دەستوور و یاسا بەرکارەکانى عێراق هیچ وادەیەکى دیاری کراویان داناوە بۆ پڕکردنەوەى وەزارەتە بەتاڵەکان حکومەت؟
وادەی دەستووری پۆستەکان
دەستووری عێراقی ساڵی ۲۰۰٥ بە ڕاشکاوی مۆڵەت و ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەتی دیاری کردووە، بەڵام بۆ پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان لە ناوەڕاستی تەمەنی حکومەتدا کەلێن یان نەرمی لە دەقەکاندا هەیە:
مۆڵەتی پێکهێنانی حکومەت بەپێی ماددەی ٧٦ دوای ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، ۳۰ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێشکەشکردنی کابینەکەی و بەرنامەی حکومەتەکەی بە پەرلەمان، سەرۆک وەزیران دەتوانێت ڕەزامەندی پەرلەمان بەدەستبهێنێت کاتێک متمانە بە زۆرینەی ڕەهای وەزیرەکان (نیوە کۆتا + ۱) دەدرێت، تەنانەت ئەگەر کابینەکە بە تەواویش پێشکەش نەکرێت، ئەم دەقە ڕێگەی داوە حکومەت دەستبەکار بێت تەنانەت ئەگەر چەند وەزارەتێکیش بە بەتاڵی بمێننەوە.
پڕکردنەوەی پۆستە بەتاڵەکان لە کاتی چۆڵبووندا بەپێی ماددەی ٨٧ ئەگەر پۆستی وەزیرێک بەهۆی دەستلەکارکێشانەوە، لە کارلابردن یان کۆچی دوایی بەتاڵ بێت، دەستوور جەخت دەکاتەوە لەسەر پڕکردنەوەی، بەڵام هیچ مۆڵەتێکی کاتیی توند یان سزای بۆ جێبەجێنەکردنی دیاری نەکردووە.
هاوکات لە حاڵەتی لێسەندنی متمانە لە وەزیرێک، بەپێی نەریتی پەرلەمانی دەبێت لە کورتترین ماوەدا (زۆرجار داوا دەکرێت لە سێ هەفتە تا مانگێک) کاندیدی نوێ پێشکەش بکرێت، بەڵام بە کردەیی بەهۆی نەبوونی دەقێکی سزادەر بۆ دواکەوتنەکە، ئەم پرۆسەیە مانگانێک زیاتر دەخایەنێت.
یاسا بە ڕاشکاوی دەسەڵاتی داوەتە سەرۆک وەزیران لە کاتی بەتاڵبوونی پۆستی وەزیرێکدا، ڕاسپاردنی وەزیرێکی تر لە کابینەکەی (یان سەرۆک وەزیران خۆی) بکاتە وەزیری وەکالەت تا کاندیدی نوێ دەستنیشان دەکرێت.
وەزارەتەکانی وەک (بەرگری و ناوخۆ) هەمیشە جێگەی ململانێی توندی ناوخۆیی و هەرێمایەتی بوون، لە هەندێک کابینەدا (وەک کابینەی نوری مالیکی یان عادل عەبدولمەهدی)، سەرۆک وەزیران خۆی بۆ ماوەیەکی درێژ پۆستە ئەمنییەکانی بە وەکالەت بەڕێوە بردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ئەمنی.
فشارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان: هەندێک وەزارەتی دیاریکراو (وەک دەرەوە، دارایی، بەرگری) بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دەکەونە بەر ڕەزامەندی هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان، کە ئەمەش یەکلاییکردنەوەی کەسایەتییەکان قورستر دەکات.
هەروەها بەهۆى لاوازبوونی سەروەری یاسا و لێپرسینەوە، وەزیری بە وەکالت زۆرجار ناتوانێت بڕیاری ستراتیژی و درێژخایەن بدات یان چاکسازی بکات، چونکە پۆستەکەی کاتییە، هاوکات نەبوونی ڕوونی لە بەرپرسیارێتی دا و بەڕێوەبردنی وەزارەت بە وەکالەت، دەرگای دەستوەردانی حزبی لە گرێبەستەکاندا واڵاتر دەکات.
لەلایەکى دیکەوە بەشێک چاودێران پێان وایە، دواکەوتنى پڕکردنەوەى پۆستە بەتاڵەکان حکومەتى عێراق دەگەرێتەوە بۆ شەڕەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران، چونکە واشنتۆن دەیەوێت ئێران بەشێوەیەکى کاریگەر بێهێز بکات، بەشێوەیە ک نەتوانێت دەست لەکاروبارى عێراق وەربدات، چونکە ئەو کاتە پڕکردنەوە وەزارەتە بەتاڵەکان ئاسانتر دەبێت.
بە بڕوای چاودێرانی سیاسی لە ئێستادا عەلی زەیدی تەواوکردنی پێکهاتەى حکومەتەکەى پشتگوێ خستووە، ئەوەى بەلایەوە گرنگە و چاوى لەسەرێتى و تیشکی دەخاتەسەر جێبەجێکردنى داواکارییەکەى ئەمریکایە، ئەویش هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدرەکانى سەر بە ئێرانە لە عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش کۆتایی ئەم هەفتەیە دەچێتە ئێران.
هـ.ئ
