لەگەڵ پێشکەوتنەکان پیشە کۆنەکان بەرەو نەمان چوون، ئەمە لە کاتێکدایە ئەو پیشانە وەک ناسنامە و کولتووری نەتەوەیین و هۆکارێکی گرنگە بۆ پاراستنی بەرهەمە ناوخۆییەکان، ئاشەکەی چوارباخ یەکێکە لەو نموونانەی کە تا ئێستاش بەردەوامە لە کارکردن.

محەمەد عوسمان خاوەنی ئاشی چوارباخ وتی: باوکم لە ساڵی ١٩٩٤ـەوە ئەم ئاشەی کڕیووەتەوە و پێش ئێمەش بۆ ماوەی ١٠ ساڵ هەر ئاش بووە و تا ئێستاش بەردەوامین لەسەر پیشەی ئاشەوانی، خۆشم لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم کار لەم ئاشەدا دەکەم، ساڵانی زوو ئاشی ئاو هەبووە دواتر پێشکەوت و ئاشی کارەبایی داهات و سوودی زیاتربوو.
ئەو ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا هەر نەوە کۆنەکە خەریکی ساوەر کردن و ئەو بابەتانەیە و ئەم نەوە نوێیە نازانێت ئاش چییە، خەڵکی هەیە لەبەر تازەییەکەی گرنگی بە خواردنە کوردییەکان دەدات، تەنەکەیەک گەنم دێنێت دەیکات بە ئارد یان ساوەر کە تەواو بوو هیتر دێنێت واتە هەمیشە بە تازەیی بەکاری دێنن لەبەر ئەوەی تامی خۆشترە،
بە وتەی ئەو ئاشەوانە، هەموو گەنمێک بۆ ئارد و ساوەر نابێت، گەنمی ڕەشگوڵ بۆ ساوەر خۆشترە و بەتامترە، لە ئێستادا بەهۆی بەرهەمی هاوردەوە خەڵک گرنگی بە بەرهەمی ناوخۆ نادات بۆیە لە شارێکی گەورەی وەک سلێمانی تەنیا سێ ئاش کار دەکات.
وتیشی: ساوەر و ئارد و چەڵتووک بەنرخێکی هەرزان دەهاڕین، ئێستا هاووڵاتییان خۆیان بەهۆی سەرقاڵییەوە ناتوانن خۆیان گەنم بکوڵێنن بۆیە ئەو کارەشیان بۆ دەکەین، ئاشی ئارد، ئاشی ساوەر و چەڵتووکمان هەیە.
لە بارەی چەڵتوکی کوردییەوە، محەمەد عوسمان وتی: چەڵتوک دەبێت جوانبێت و بە ئاوی سازگار ئاو بدرێت تا بەتامبێت، چەڵتوکی بازیان، بانی خێڵان، گەرمیان، چەوتان و ئامێدیمان هەیە، برنجی کوردی جیاوازە لە بەرهەمی هاوردە و ماددەی پارێزەری تێدا نییە، پێویستە چەڵتوکی کوردی بزانرێت لە کوێوە دەستدەخەین، بەهۆی پشتیوانینەکردنی حکومەت بۆ جوتیاران بەرهەمی ناوخۆ تەواو کەمی کردووە و ئەمەش زیانی بۆ ئیشەکەی ئێمە هەیە و بەرەو لەناوچوون دەچێت.
لە کۆتایدا محەمەد عوسمان جەختی لەوەشکردەوە، حکومەت هاوکارییمان ناکات بۆ نموونە ئەم ئاشەی ئێمە کشتوکاڵییە بەڵام حکومەت کارەبامان بەنرخی بازرگانی پێدەدات، لە کتێکدا ئێمە خۆڵمان نییە کەچی حکومەت مانگانە پارەی خۆڵمان لێدەسەنێت.

هاوکات لوقمان ستار هاووڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانییە و ساڵانە گەنم لەم ئاشە دەهاڕێت بۆ پێداویستییەکانی خۆی و دەڵێت: من لە ساڵی ١٩٩١ـەوە سەردانی ئەم ئاشە دەکەم و بەرهەمی گەنمم هێناوە بۆ هاڕین، هاڕین لەم ئاشانە زۆر گونجاوە چونکە بەدڵی خۆمان دەیهاڕن و لە بەرهەمەکە دڵنیاین کە پاكە، ئێمە ساوەری گەنمی کوردی بەکار دەهێنین و ئەم ئاشانە کار ئاسانییە بۆ هاووڵاتییان و ساوەری کوردی تامێکی جیاوازی هەیە بەڵام هاوردە تامێکی تاڵی تیایە.
لوقمان ستار وتیشی: لە زەمانی کۆندا هەر لە ئاش گەنممان دەهاڕی و دەمانکردە ساوەر کە ساڵانە ١٠ تەنەکەمان دەهاڕی و هەڵمان دەگرت بۆ زستان و بەکارمان دەهێنا، لە کاتەکانی کۆندا بەرهەمە کوردییەکانمان بەکاردەهێنا وەک دۆینە، ساوەر و ترخێنە.
ئ پ
