شارەوانی بناری قەندیل سنوورێکی فراوانی هەیە و نزیکەی ٦٧ گوند لە خۆی دەگرێت، ماوەی چەندین ساڵە، پێش هاتنی وەرزی زستان و بەهۆی خراپی ڕێگای گوندەکانەوە، سەرەڕای پشتگوێ خستنی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و ئاوڕنەدانەوەی لە گوندنشینان، شارەوانی گەلی بناری قەندیل بە توانایەکی کەمەوە هەڵدەستن بە نۆژەنکردنەوە و چاککردنی ڕێگا و بانەکانی سنوورەکە.

دڵشێر ئیبراهیم

لەو چوارچێوەیەشدا دڵشێر ئیبراهیم هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئێمە وەک شارەوانی بناری قەندیل سێ مانگ لەمەوبەر دەستمان بەو کار و پڕۆژانە کردووە کە لە بەرنامەی شارەوانی قەندیلدا هەبوون، وەکو هەموو ساڵێک لەسەرەتای بەهار و تاکو کۆتایی پایز دەست بە خاوێنکردنەوە و فراوانکردنی ڕێگای سەرجەم ئەوگوندانە دەکەین کە قەرەباڵغییەکی زۆریان لەسەرە.

وتیشی: پێنج هەرێم سەر بە شارەوانی قەندیلە و بە بەرنامە و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هەرێمەکان دەکەین، کە ئەو هەرێمانە نزیکەی ٦٧ گوند لە خۆدەگرێت کە هەر کەموو کوڕییەکیان هەبێت بەپێی توانا بۆیان چارەسەر دەکەین، بەڵام بەهۆی فراوانی ناوچەکە و کەمی ئامێرەکان ناچارین کە ناوچە بە ناوچە کاری تیدابکەین، ئەو هەرێمەی کە کاری تێدا دەکەین کاتێکی کەممان ماوە کە تەواوی بکەین.

لەبەردەوامی قسەکانیدا هاوسەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی سێ مانگە کار لە ڕێگاکاندا دەکەن و لە ئێستاشدا بە مەبەستی چاککردنی ڕێگا بەرە و هەرێمی قەڵاتوکان و شەهید هاڕوون دەڕۆین، کاتێکی کەممان ماوە بچینە هەرێمەکانی ناودەشت و باڵەییان.

دڵشێر ئیبراهیم وتیشی: لەدوای پڕۆسەی ئاشتی ئێمەش وەکو شارەوانی دەستمان کراوەترە و زیاتر دەتوانین لە چاو ساڵانی ڕابردوو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان جێ بەجێ بکەین و ئیش بکەین، لە ساڵانی پێشوودا کە دەستمان بە کارکردن دەکرد هەموو کارمەندەکانمان نائارام بوون و ژیانیان لە مەترسیدا بوو، لەبەرئەوەی بەردەوام درۆن و بۆردوومان هەبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی پڕۆسەی ئاشتییەوە ئەو ترس و دڵە ڕاوکێییە نەماوە و بە ئارامی و بەشێوەیەکی باشتر کارەکانمان دەکەین.

لە بەردەوامیدا هاوسەرۆکی شارەوانی باسی لەوەشکرد، بەهۆی پڕۆسەی ئاشتی گوندەکان ئاوەدانتر بوونەتەوە و هاوڵاتیان لە شارەکانەوە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و گوندەکانیان، زیاتر پەرە بە کشت و کاڵ و کارەکانی خۆیان دەدەن.

هەروەها هاوسەرۆکی شارەوانی باسی ڕوونیکردەوە، هەموو گوندەکان کە لەسنووری شارەوانیماندان ئەو خزمەتگوزارییانەی کە سنوردارن لە بناری قەندیل وەک نەمانی ئاستەنگی هاتووچۆ، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، لەڕویی ژینگەیی و پاکردنەوە و کۆکردنەوەی پاشماوە و زبڵ و خاشاکەوە، سەرجەم گوندەکان لێی سودمەند بوون.

لە کۆتایشدا دڵشێر ئیبراهیم ڕایگەیاند: پەیامی ئێمە وەک شارەوانی بناری قەندیل ئەوەیە، هەموو هاووڵاتییان و گوندنشینانی سنوورەکەمان دڵنیا دەکەینەوە و هەرچییەک لەدەست شارەوانیمان بێت هەرخزمەت گوزارییەک بێت بە پێی توانا پێشکەشیان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە قەندیلێکی نوێ و ئاوەدان دروستبکەین.

هـ.ح

4 وێنە
1 / 4