ڕامان مەجید- سیاسەتمەدار
ئایا ئەوەی پەکەکە دەیکات تەسلیم بوون و ئاشبەتاڵە یاخود مۆدێلێکی نوێ لە گفتوگۆو پرۆسەی ئاشتییە؟ ئەگەر دووەمییانە؛ بۆچی بەشێک لە ئێمەی کورد لە هەرێم بە تەسلیمبوون و شکست لێی تێگەیشتووین! پێویست دەکات ئیمەی خەڵکی باشوور بە چ پێوەر و پێودانگێک پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەڵبسەنگێنین، تا لێکدانەوەی درووست بۆ پێشهاتەکان بکەین و توشی هەڵەی خوێندنەوەی نا واقعیانەی ئەم پرۆسەیە نەبین، چونکە هەر لیکدانەوە و بەراوردکارییەک بە ئاراستەی بەراوردی شۆرش و بزووتنەوە چەکدارییەکانی کورد لە (عێراق و تورکیا) بە بێ تێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی چوارچێوە، دۆخی مێژوویی، هزریی و دەستووری هەر لایەکیان، زۆر ئاستەم و ناهاوسەنگ و نا ئەقلانی دەبێت، لە پێناو بەرچاوڕوونی زیاتر و تێگەیشتنی واقعیانە لە خوارەوە بەشیکی ئەم جیاوازیانە ئاماژە پێ دەدەدم:
١- کورد و دوو پێناسی جیاواز:
جیاوازی دانپێدانانی کورد لە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراق جێگای هەڵوەستە لەسەرکردنە، لە مێژووی درووستبوونی دەوڵەتی عێراق كورد پێكهاتەیەكی دانپێدانراو بووە، بگرە مەرجی دانپێدانان بە عێراق لە كۆمەڵەی گەلان پێدانی مافەكانی گەلی كورد بووە، خەباتی گەلی كورد لەم بەشە بۆ چەسپاندن و فراوانكردنی كورد بووە نەك بۆ دانپێدانان بە هەبونی كورد، دواتر لە چەند وێستگەیەك مافەكانی گەلی كورد بە فەرمی لە دەستوور چەسپێنراوە، لەوانە لە ساڵی ١٩٥٨ لە دەستوور دانبەوە دادەنرێت كە كورد و عەرەب هاوبەشن لە نیشتمان، دواتر لە ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێككەوتنی ١١ـی ئازار دان بە ئۆتۆنۆمی بۆ کورد دەنرێت، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش لە دەستووری هەمیشەیی عێراق هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵ بە فەرمی لە دەستوور دەچەسپێنرێت، ئەو بابەتە بە جێدەهێڵین کە كورد تا چەند سوودی لەم دانپێدانانە دەستووری و یاساییانە وەرگرتووە یا نا ئەمە بابەتێكی ترە و چەند پرسیار لەسەر كارپێكردن بە دەستوور لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و عەقڵیەتی عەرب درووست دەبیت، زۆر زیاتر پرسیار لەسەر عەقڵیەت و مامەڵەی سەركردایەتی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردیش درووست دەبێت لە ڕۆژی درووستبوونیەوە تا ڕۆژگاری ئەمرۆ.
بەڵام دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا لەسەر بنەمای نكۆڵیكردن لە بوونی گەلی كورد و بێ بەش كردنی بووە نەک هەر لە مافە سیاسیەکان، بەڵكو لە مافە مەدەنی و مرۆییەكانیش بێبەشکراوە، بۆیە درووستبوونی پەكەكە و خەباتە چەكداریەكەشی هەر لەم پێناوەدا بووە.
٢- پێکهاتەی ئایدۆلۆژیی و سیاسی حزبە کوردییەکان لە باکوور و باشوور:
هەلومەرجی درووستبوونی حزبەکانی باشوور و ئەوەی باکوور جیاوازە، لە ڕووی بیر و باوەڕ، ئایدۆلوژیا و پەروەردەوە، ئەوان (تەواو ئایدۆلۆژیانە پەروەردە کراوی ئایدۆلۆژین و بەردەوامن لە پەروەردە). هەروەها سەردەمی ساڵانی خەباتی چەکداری هەشتاکانی باشوور لەگەڵ ئێستای باکوور جیاوازە، لە ڕووی پێداویستی جەنگ، چەک، تەکنەلۆژیا و خۆپاریزیی لە چیاکان، بە تایبەت بە هۆکاری بوونی شەڕی درۆن و جی پی ئێسەوە.
٣- کاریگەری هێزە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هاوکێشەی کورد:
هێز و پاڵپشتی ڕژێمی بەعس و دەوڵەتی عێراق زۆر جیاوازە لە هێز و پاڵپشتی دەوڵەتی تورکیا بە هۆی هاوپەیمانە بەهێزەکانی لە ڕۆژئاوا و لە ناوچەکە و هەروەها نەخشەی جیۆپۆلیتیکی وڵاتەکە.
٤- ئەو کات گەورە زل هێزەکانی دوونیا کەم کەم هاوکاری شۆرشیان دەکرد، ئێستا سیستەمی بەرێوەبەرێتی جیهان بە گشتی و بە تایبەت تر (کەپیتالیزم) پاڵپشتی تورکیا و لەگەڵ ئەوەیە چەک تەنها لە دەستی دەوڵەت بێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست نەک هێز و گرووپی نا دەوڵەتی.
٥- ئەو چاکسازییانەی بڕیاری بوێرانە و مێژووییانەی دەویست و ڕووینەداو بە زیان شکایەوە!
هەڵوەشاندنەوەی هیزی پێشمەرگە لە باشوور، دەبوو لە دوای درووستبوونی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ دەستی پێ بکردایە و بچوایەتە خزمەت وەزارەتی پیشمەرگە بە داخەوە کە نەکرا. نەک ببێتە بارگرانی بۆ حکومەتی ئەوکاتی هەرێم کە دواتر دەستی دایە شەڕی ناوخۆ و بووە دوو هێز و تا ئێستاش بە تەواوی یەکی نەگرتۆتەوە. دوو هێزی جیاواز و دوو دەڤەری پێشمەرگە و دوو ئیدارەی ئەنجامەکەیەتی.
بەڵام لە باکووری کوردستان درووستبوونی هێزی چەکدار بۆ دەرباز بووون بوو لە قۆناغی نکۆڵیکردن لە بوونی کورد، ئێستا ئەو هێزە بەردەوام بێت، دەبێتە بار بەسەر هەموو کوردەوە، لە هەر جێگایەک و لەهەر پارچەیەکی کوردستان، هەنگاوێک کورد بچێتە پێشەوە بە ناوی تیرۆرەوە، تورکیا خۆی تێهەڵدەقورتینی و ناهێلێت کورد هیچ بەدەست بهێنێت، نەمانی ئەو هیزە لە ئێستا بیانو بڕە و بار سوکی بۆ خەبات درووست دەکات و دەکرێت شێوەی خەباتیان بە پێی هەلومەرج و سەردەمەکە بگۆڕن. هەروەها تورکیاش دەێیت ئێمە میژووی هەزار ساڵەمان هەیە لەگەڵ برا کوردەکانمان. بەڵکو دوور تریش دەرۆن و باسی میژووی هەزار ساڵەی شەری مەلازگرد دەکەن، کە کورد و تورک بەیەکەوە بیزەنتیەکانیان شکاند. کەواتە ئامانجە چەکداریەکەیان بەدەست هێناوە، کە نکۆڵی کردن بوو لە کورد، لە لایەن دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی سەد ساڵ.
بە کورتی: سەد ساڵە لە عێراق کورد دانپێدانراوە لە ڕووی دەستوورییەوە، هەروەها سەد ساڵە لە تورکیا نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرێت، بە هەموو جۆریک، وەک گێڕانەوەکەی موسا عەنتەر دەڵێت: ڕۆژانێک لە تورکیا فیکە لێدانیش بە کوردی قەدەغە و سزای لەسەر بوو. بۆیە هەر بەراوردێك یان لێكچواندنێكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشوور و باكوور بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانە دەرەنجامێكی درووست و گونجاومان پێ نادات.
ڕەنگە ئەوە گونجاو بێت، بڵێن ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە دواجار یاساغ بوون لە دەستوور لەسەر كورد هەڵگرێت، بزووتنەوە چەكدارییەکە یان ئەو حزبە لەم قۆناغە ئامانجی خۆی پێكاوە کە چەکی لە پێناو هەڵگرتبوو. هەروەها ئەو ڕێکخراوە چەکدارییە لە ماوەی شەڕی چەكداری بە جۆرێك خەباتی سیاسی و مەدەنی لە ناوەوە بە ڕێکخستن کردووە، کە توانیویەتی نوێنەرانی كورد بگەێێنتە ناو پەرلەمان و ئەو شەڕەی گەریلایەك دژی قەرەقۆلێك دەیكات، ئەمڕۆ ئەندام پەرلەمانێك زۆر بوێرانەتر لە بەرامبەر فاشت و نەتەوە پەرستانی تورك، داكۆكی لە كورد بوونی خۆی بکات. بۆیە دوای چەکدانان لە شارەکان، کورد لە تورکیا وەک ئاشبەتال بڵاوەی لێناکات و بێ خاوەن نامێنێتەوە، لەم ڕوانگەیەوە دەکرێت قۆناغی ئایندەی گفتوگۆ، خەباتی سیاسی، حزبی و پەرلەمانی و بە ڕیکخستنکردنی کۆمەڵگا لە تورکیا بۆ کورد سەخت و گران و پڕ ئالۆزیی و کێشە بێت، بە هەردوو دیوەکەشی شکست و سەرکەوتن، ئەنجامەکانیشی باوەر پێ نەکراو بێت، با چاوەڕێ بکەین.
س. ع
