٢٨ـی شووباتی ٢٠٢٦، لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل، بەهۆی داخستنی گەرووی هورمزەوە، بە گشتیی وڵاتانی کەنداوی دەوڵەمەند بە سەرچاوەکانی وزە، ڕووبەڕووی قەیرانی هەناردەی نەوت بووەنەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە، بە تایبەت عێراق کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی نەوتە، بەو ئاستەنگییەش لە هەناردەی نەوت ئابووری عێراق لە پەل و پۆ دەکەوێت.

عێراق ناچاربوو بیر لە ڕێگەی بەدیل بۆ هەناردەی نەوتەکەی بکاتەوە، لەوانەش هێڵەکانی (جەیهانی تورکیی، ڕێگەی گەشەپێدان، بانیاسی سووریا، عەقەبەی ئوردنی) بەڵام ئاخۆ ئەم ڕێگایانە دەتوانن ببنە جێگرەوەی گەرووی هورمز بۆ عێراق؟ لەم بنکۆڵکارییەدا ڕوونی دەکەینەوە.

هێڵی جەیهان و ڕێگەی گەشەپێدان

لە ساڵی ١٩٧٣، عێراق و تورکیا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد لەسەر درووستکردنی هێڵی وزەی بۆری جەیهان و لە ساڵی ١٩٧٦ کارەکانی تەواوبوو و لە ١٩٧٧ یەکەم کاروانی نەوت لە ڕێگەی ئەم هێڵەوە هەناردە کرد.

وێڕای ململانێکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر هەناردەی نەوت لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە، ئێستا بە نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە عێراق نزیکەی ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی پێدا ڕەوانە دەکات، بەڵام ئالپارسلان باهراکتار، وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاندووە، کە هێڵەکە توانای ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا.

بەڵام ئەم ڕێککەوتنە لە ٢٨ـی ئەم مانگە بە کۆتا دێت و تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە دەبێت ڕێژەکە بەرزبکرێتەوە بۆ ١.٥ ملیۆن بەرمیل، بەڵام لایەنی عێراقی جەخت دەکاتەوە کە ڕێککەوتنەکە دەبێت بە ویستی عێراق بێت و چارەنووسی نەوتەکەی بەتەواوی ڕادەستی تورکیا نەکات.

دواجار لە ٣ـی تەمووزی ٢٠٢٦ ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئەنقەرە هەردوو حكومەتی عێراق و توركیا ڕێككەوتن، لەسەر واژۆكردنی پرۆتۆكۆلێكی كاتیی، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامبوونی هەناردەی نەوتی عێراق بە نەوتی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستانیشەوە، لە ڕێگای بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان-جەیهان.

هەرچی سەبارەت بە ڕێگەی گەشەپێدانیشە، لە ٢٣ـی نیسانی ٢٠٢٤ لە بەغداد، ڕێککەوتنی ڕێگای گەشەپێدان لە نێوان تورکیا، عێراق، قەتەر و ئیمارات واژۆ کرا، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە درووستکردنی ڕێڕەوێکی گەورەی بازرگانی و گواستنەوەیە کە لە بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ ئەورووپا، هەرچەندە لایەنە سەرەکییەکان تورکیا و عێراقن، بەڵام قەتەر و ئیماراتیش پشتیوانی لێ دەکەن.

پڕۆژەکە درووستکردنی ١٢٠٠ کیلۆمەتر هێڵی ئاسن و ڕێگای خێرا لە خۆ دەگرێت، کە کەنداوی عەرەبی لە ڕێگەی تورکیاوە بە ئەورووپاوە دەبەستێتەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا، بڕیارە هێڵێکی نوێ لە دەروازەی سنووری تورکیا-هەرێمی کوردستانەوە لە (ئۆڤاکیۆوە بەرەو نەینەوا لەوێوە بەرەو بە‌غداد و نەجەف و دیوانیە و ناسریە تا دەگاتە بەسرە) درووست بکرێت و هێڵە کۆنەکانیش نۆژەن بکرێنەوە.

ئەم ڕێگایە تێچووەکەی بە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلارە بەپێی گۆڕانکارییەکانیش ڕەنگە تێچووەکەی بگاتە ٢٠ ملیار دۆلار، لە ساڵی ٢٠٢٨ دەست بە درووستکردنی دەکرێت و تەواوبوونی کۆتایی پرۆژەکە تا ساڵی ٢٠٥٠ دەخایەنێت.

هەرچەندە ڕاستەوخۆ پڕۆژەکە تایبەت نییە بە نەوت، بەڵام دەکرێت ئەو ڕێگا شەمەندەفەرییەی دروست دەکرێت باری قورسی هاوشێوەی نەوتیش لە خۆبگرێت، هەروەها لە گفتوگۆ ستراتیژییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا، دەکرێت زەوییەکانی کەنار ئەم ڕێگایە بەکاربهێنرێن بۆ ڕاکێشانی هێڵی گواستنەوەی غازی سروشتی یان تۆڕی کارەبا لە نێوان عێراق، وڵاتانی کەنداو و تورکیا بەرەو ئەورووپا.

لە کاتی نزیک و ئێستادا ئەم ڕێڕەوە ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی گەرووی هورمز بۆ عێراق چونکە هێشتا تەنها ڕێککەوتنی سەر کاغەزە و لە ئەرزی واقعدا هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە.

یەکێکی دیکە لە ڕێگاکان لە ڕێگەی تورکیاوە، ڕێڕەوی گواستنەوەی دەروازەی ڕەبیعەیە، کە بە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەچێتە ناو تورکیا و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهان و بازاڕەکانی ئەورووپا، بەڵام ئەم ڕێگایە، بۆ گواستنەوەی نەوت زۆر پشتی پێ نابەسترێت چونکە هەم تێچووەکەی زۆر دەبێت و هەم ڕێگەی گەشەپێدان و بۆری نەوتی هەرێم بۆ جەیهان هەیە.

هێڵی بەسرە بۆ عەقەبە

ئەم هێڵە هەرچەندە هێشتا تەنها وەک دەنگۆ باسی لێوەدەکرێت و هیچ ڕێککەوتنێک لەسەری ئەنجام نەدراوە، بەڵام نەوت لە بەسرەوە دەگوازێتەوە بۆ حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار لەوێشوە دەچێتە خاکی ئوردن و دەگاتە بەندەری عەقەبە لەسەر دەریای سوور.

هێڵەکە گەر ڕێککەوتن لەسەری بکرێت توانای هەناردەکردنی ملیۆنیك بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا، بەشێک لە هەناردەی نەوتی عێراق پێکدەهێنیت.

دواجاریش لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئەمریکا لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن کۆبوویەوە و تاوتوێی ڕێگاکانی بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە-عەقەبەیان کرد.

هێڵی بانیاس لەسەر لاپەڕەی ڕێککەوتنەکان

دوای درووستبوونی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل، عێراق ناچاربوو لە ڕێگەی تەنکەرەوە نەوتەکەی لە دەروازەی ڕەبیعە و حەدیسەوە هەناردەی بەندەری بانیاسی سووریا بکات لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

لە ئێستادا عێراق ڕۆژانە ٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ تەنکەر، کە دەکاتە نزیکەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی بەندەری بانیاس دەکات، بەڵام ئەم بڕە زۆر لەوە کەمترە کە عێراق نەوت دەردەهێنێت.

هەرچەندە هێڵێکی بۆری کەرکووک-بانیاس بە درێژایی ٨٠٠ کیلۆمەتر هەیە و لە ساڵی ١٩٥٢ لەلایەن کۆمپانیای نەوتی عێراقەوە خرایەگەڕ، بەڵام چەندین جار بەهۆی شەڕەوە لە ١٩٨٢ و ٢٠٠٣ بۆردوومان کرا یان زیانی قورسی بەرکەوت و لە ئێستادا بۆ گواستنەوەی نەوت کارا نییە و پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە، لە ١٨ـی تەمووزی ٢٠٢٦ لە ئەمریکا، بەسام عەبدولکەریم ناسر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی بەسرە بە نوێنەرایەتیی عێراق، هەروەها یوسف قەبەلی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا، بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن لە بۆریی نەوتی کەرکووک-بانیاس ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد.

نۆژەنکردنەوەکە لە لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانی (Chevron و TI Capital) و کۆمپانیای (UCC)ـی قەتەری و کۆمپانیایەکی ناوخۆیی عێراق جێبەجێ دەکرێت، پێشبینی دەکرێت دوو بۆ سێ ساڵی پێویست بێت و تێچووەکەشی ٤.٥ بۆ ١٠ ملیار دۆلار بێت، ئەوەش بەهۆی وێرانبوونی تەواوەتیی وێستگەکانی پاڵنانی نەوت و هەبوونی بەربەستە ئەمنی و داراییەکان لە ناوچەکەدا.

ئەگەر نۆژەنیش بکرێتەوە ئەوا بۆرییەکە لە لوتکەی کارکردنیدا توانای هەناردەی نزیکەی ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی دەبێت لە ڕۆژێکدا.

ئەو هێڵانە دەبنە جێگرەوەی گەرووی هورمز؟

گەرووی هورمز کە شادەماری سەرەکی ئابووریی عێراقە، ڕۆژانە عێراق ٣.٣ بۆ ٣.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەیەوە هەناردە دەکرد، بەڵام بە هۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە ئەم بژاردەیەی عێراق داخراوە، کە پتر لە ٩٠٪ بۆ ٩٥٪ـی کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی عێراقی دەکرد بۆ بازاڕەکانی جیهان بە تایبەت ئاسیا.

سەرنجام، کاتێک هەموو ئەو هێڵە جێگرەوانە هەژمار دەکرێت ئەوا عێراق لە ڕێگەیانەوە ٢ بۆ ٢.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەتوانێت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکات، لە کاتێکدا ئەم بڕە ملیۆنێک کەمترە لەوەی کە بە گەرووی هورمزدا ڕەوانە دەکرا.

بەمەش هەرسێ پڕۆژەکە، کە تێچوویەکی زەبەلاح و کاتێکی زۆری دەوێت تا ئامادە دەکرێن، ناتوانن ببنە جێگرەوەی گەرووی هورمز، بەڵکو دەتوانن بەشێک لە داهاتی نەوتی عێراق دەستەبەربکەن، لەمەوە چارەنووسی داهاتی عێراق بەستراوەتەوە بە کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و کرانەوەی گەرووی هورمزەوە.

ب. جـ