ئەمڕۆ، لە گوندی کەناروێی سەر بە شارەدێی چوارتا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەشێک لە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەر دوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" دوو کۆتر و دوو کەویان لە سرووشتی کوردستانن ئازاد کرد.
لە چالاکییەکە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، جارێکی تر بەڵێنیان دووپات کردەوە کە لەسەر ڕێبازی هەردوو شەهید بەردەوام دەبن، هەروەها دوو کۆتر و دوو کەویان لە سرووشتی کوردستان ئازاد کرد.
هەروەها دووپاتیان کردەوە، ئەم یادکردنەوەیە هەڵگری ئەو پەیامەیە کە یاد و ناوی هەردوو شەهید، هەمیشە لە ناو نەتەوەکەماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، ئەوەی بە سرووشتی کوردستان بەخشرا، نیشانەی پەیوەندیی خەباتی ڕۆژنامەگەریی ئازادە بە خاک و نیشتیمانی کوردستان.
هاوکات ڕۆژنامەنووسان جەختیان لەوە کردەوە، کە خاکی شارباژێڕ هەمیشە لانکەی خەبات و تێکۆشان بووە، بۆیە تێکەڵکردنی ناوی هەردوو شەهیدی ڕۆژنامەنووس "گوڵستان و هێرۆ" لەگەڵ ئەم خاکە مانایەکی گەورەی هەیە، پەیامی بەردەوامیی ڕێگای ڕاستی، ئازادیی و خەباتەکەیانە و یادەوەریی ئەو دوو شەهیدە بە زیندوویی دەپارێزێت.
لە چالاکییەکە دانیشتووانی گوندی کەنارۆی هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد و شەهدیدان دەربڕی.
جێی ئاماژەیە، لە ٢٣ـی ئابی ٢٠٢٤ لەسەر ڕێگای سەیدسادق-هەڵەبجە هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕاگەیاندنی ئازاد "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی میدیایی کۆمپانیای چەتر، بە درۆن لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە تیرۆر کران، ساڵانەش لە ساڵیادی شەهیدبوونیاندا، لە لایەن وڵاتپارێزان و ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنی ئازاد، بە چەندین چالاکی بەبیردەهێنرێنەوە و یادیان بە زیندوویی ڕادەگرن.
س.خ
