بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی عێراق، بەشە بودجەی بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان کۆکردووەتەوە و دەستی بە خەرجکردنی مووچە کردووە.
ئەو بودجەیەی حکومەتی عێراق ڕەوانەی دەکات، ١٢٠ ملیار دیناری کەمە، کە بەپێی ڕێککەوتن نیوەی داهاتی هەرێمی کوردستانە کە دەبێت هەرێم بیداتە بەغداد و پاشان کۆی مووچەکە ڕەوانە بکرێت.
بەڵام بە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم دەڵێت توانای کۆکردنەوەی ئەو بڕەم نییە، حکومەتی بەغداد بەو لێبڕینەوە مووچە ڕەوانە دەکات.
بڕیار وایە، دوای ڕەوانەکردنی ئەو بڕە پارەیە کە مەزەندە دەکرێت زیاتر لە ٨٤١ ملیار دینار بێت، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچە بڵاوبکاتەوە و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی حکومەتی عێراق بەشە بودجەی ڕەوانە نەکردووە، ماوەی ١٧ ڕۆژە مووچەی فەرمانبەرانی دابەش نەکردووە، ئەمەش هاووڵاتییانی ڕووبەڕووی قەیران کردووەتەوە.
دواکەوتنی بەردەوامی مووچە تەنیا کێشەیەکی دارایی نییە، بەڵکو کاریگەریی قووڵی کۆمەڵایەتی و دەروونی لەسەر ڕێڕەوی ژیانی ڕۆژانەی مووچەخۆران و خێزانەکانیان دروست کردووە.
ڤ.م
