وەزارەتی داد لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکراد کرد، ئەمڕۆ خالید شوانی، وەزیری داد پێشوازی بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا، جۆشوا هاریس لە بەغدا کردوو سەبارەت پرسی گواستنەوەی زیندانیان لە سوریاوە بۆ عێراق گفتوگۆیان کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکە هاتووە، لە کۆبوونەوەکە چەند دۆسیەیەک کە جێی بایەخی هەردوولا بووە تاوتوێ کراوە، بەتایبەت دۆسیەی ئەو زیندانییە بیانییانەی لە سوریاوە بۆ عێراق گوازرانەتەوە، لەگەڵ تاوتوێکردنی ڕێگەكانی بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی لە بواری یاسایی و دادوەریدا.
وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا میتۆدەکانی هاوکاری و هەماهەنگی بەرامبەر دۆسیەی زیندانییانی بیانی و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لە چوارچێوەی یاسایی و ڕێکارە پەسەندکراوەکاندا خرانە بەرباس، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاساکانی عێراق و پابەندبوونه نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هاریس سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی حکومەتی عێراق و وەزارەتی داد کردووە، بۆ ئەو ڕۆڵەی بینیویانە لە پرۆسەی گواستنەوەی زیندانییە بیانییەکان لە سوریاوە بۆ عێراق، هاوکات جەختیشی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی کار دەکات، بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتیی پێویست بە عێراق لەو دۆسیەیەدا، بە ئامانجی بەشداریبوون لە بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و واشنتن.
س. ع
