ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان قوڵتردەبنەوە، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان خەریکە بە تەواوی لە کەرتی گشتی دەکشێنێتەوە و هەموو خزمەتگوزارییەکان و بابەتە ژیارییەکانی وەک تەندرووستی بە کەرتى تایبەت دەسپێرێت، ناوەدە قازانجخوازەکانیش ئەوەندەی تر قەیرانەکانیان لەسەر شانی خەڵک قوورستر کردوە، بەجۆرێک کە نرخی خزمەتگوزارییەکان گەیشتوونەتە سەروو توانای دارایی هاووڵاتییان.

کرمانج کەمال

کرمانج کەمال فەرمانبەرێکە لە شاری سلێمانی و بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: ئەم بارودۆخە خراپەی ڕووی لە هەرێـم کردووە کاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژێک درووستکردووە، گواستنەوەی خزمەتگوزاری گشتیی بۆ کەرتی تایبەت دەبێتە هۆی بارگرانی بۆ هاووڵاتییان بەمەش توێژی کەمدرامەت زەرەرمەندی یەکەمن، بەنمونە گرانی نرخی بەنزین وای لە شۆفێری تەکسییەک کردووە بە سێ ڕۆژ جارێک بتوانێت بەنزین وەربگرێت و کاربکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دەرئەنجامی ئەم قەیرانانە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و بەتایبەت گەنجان ڕەنگی داوەتەوە، ئەگەر سەردانی نەخۆشخانە دەروونییەکان بکەین دەبینین چەندان گەنج دانیشتووە بە دیار دکتۆری دەروونی تاوەکو کێشەکەی بۆ چارەسەر بکات ئەمەش هۆکارەکەی قەیرانی دارای و بێکارییە، کە بۆتە دەردێکی کوشندە بۆ گەنجەکانمان.

ئەو فەرمانبەرە باسی لەوەشکرد ئەگەر هاووڵاتییەک ڕۆژانە ١٥ هەزاری هەبێت بەمەمرە و مەژی ژیان دەکات نەک ژیانێکی شایستە بژی، بۆیە گۆڕینی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە کەرتی تایبەت ڕۆژ بەڕۆژ بارودۆخەکە خراپتر دەکات، وە لەبەر ئەوەی حزبەکان بەشێکن لە کۆمەڵگە دەبێت بیرێک لەم دۆخەبکەنەو ەو چارەسەرێک بدۆزنەوە.

کامەران قادر

دکتۆر کامەران قادر مامۆستا لە زنکۆی پۆلی تەکنیکی سلێمانی بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لەم قۆناغەدا ئابووری هەرێم و عێراق بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، لە دەرئەنجامدا حکومەت دەیەوێت ئەم فشارە لەسەر خۆی کەمبکاتەوە لە ڕێگەی بیرۆکەی بە تایبەتکردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان، کە دەمێکە لە هەوڵی ئەوەدایە هاوشێوەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا خزمەتگوزارییەکان بدرێتە کەرتی تایبەت.

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەگەر کەرتی تایبەت قۆرخاکاریی بێت و مافی پێشکەوتن بۆ کۆمپانیاکان بە یەکسانی نەبێت جیاوازی و بکرێت ئەوا کێشەیەکی گەورە بۆ ئابووری دروستدەکات، حکومەت بۆ ئەوەی فشاری لەسەر نەمێنێت کەرتی تەندرووستی و قوتبخانەی تایبەتی زیاتر کردووە، چونکە لە بەرامبەر ئەو فشارەی لەسەریەتی ناتوانێت بنکەی تەندرووستی و یان قوتابخانە دروست بکات، بۆیە لە بەرامبەر کەمکردنەوەی فشارەکان حکومەت پەنای بۆ کەرتی تایبەت بردووە.

د. کامەران قادر ڕوونیکردەوە، دەبێت حکومەت خۆی چاودێربێت بەسەر کەرتی تایبەتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە خۆی وەک بازرگانی هاتووەتە نێو کەرتی تایبەتەوە و نەیتوانیوە ببێتە چاودێرێکی باش.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم هێواش هێواش زۆرینەی سێکتەرەکانی ژیانی خەڵکی لە کۆڵ خۆی کردووەتەوە و ڕادەستی کەرتی تایبەتی کردووە کە نزیکەی لە ٧٠%ـی ئەو کەرتەش خاوەنەکەی حزب و دەسەڵاتدارانن، بەمەش حکومەت ئامانجی ئەوەیە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بگاتە هاووڵاتییان، ئەمەش گەورەترین قەیرانی بۆ ژیانی خەڵک درووستکردووە

جوانڕۆ محمەد

هەر لەسەر ئەو پرسە جوانڕۆ محمەد ئەندامی پەرلەمان هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز ڕایگەیاند: چارەنووسی شەش ملیۆن کەس کەوتووەتە دەست کۆمپانیای پشتیوان و درووسکراو کە بەرپرسانی باڵای سەر بە دەسەڵاتییان لە پشتە، ئەگەر وردبینەوە کۆمپانیاکان بڕیار دەدەن ئاڕاستەی چارەنووسی بژێوی ژیانی خەڵک بکات، کەواتە ئەوەی بڕیار دەرەکات لە هەرێمی کوردستان حکومەت نییە، بەڵکو کۆمپانیایە بڕیاردەدات چۆن مامەڵە بکرێت لە بەرامبەردا حکومەت بێدەنگە و شەڕعییەتی پێداوە.

وتیشی: ئەگەر حکومەتێک نەتوانێت پێداویستی ئاو، نرخی سوتەمەنی، خزمەت گوزاری، موچە دابین بکات و قەیرانەکان هەر جارەو بەنیانوویەک لەسەر خۆی لادەبات، ئەگەر ئەم حکومەتە خۆی لە هەموو شتێک بێبەری دەکات هەبوون و نەبوونی جیاوازی نییە.

ئەم دۆخە لە بەرژەوەندی حکومەتە کەدابەشبووە بەسەر جەمسەری هێزەکاندا بۆیە دەستبەرداری ئەم بەرژەوەندیە نابن و قەیرانەکانیشیان پێچارەسەر نابێت، لەئەنجامدا ئەوە دۆخی خەڵكە لە چی بارگرانیەکدان، لەکاتێکدا دەبیت حکومەت نەهێڵێت بارگرانی بکەوێتە سەر ژیانی هاووڵاتیی و داهاتەکەی لەگەڵ خەرجیەکەی بۆ بگونجێنێت، بەڵام ئەمە بە حکومەتێکی بەرپرسیار دەکرێت نەک ئەم حکومەتە.

ئ پ