کەمێک پێش ئێستا ئاگر لە چیای ئەزمەڕ لە شاری سلێمانی کەوتووەتەوە و تائێستاش کۆنترۆڵنەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان کەمێک پێش ئێستا ئاگرێکی گەورە لە چیای ئەزمەڕ کەوتووەتەوە و تائێستاش هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە نازانرێت.
هاوکات، لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکە بایەکی بەهێز لە چیای ئەزمەڕ هەیە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنە بسێنێت و ڕووبەرێکی زۆری چیاکە بسووتێت و زیان بە ژینگە و سرووشتی چیاکە بکەوێت.
لەو بارەیەوە ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، ئێستا تیمەکانمان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی بکەن و نەهێڵن زیاتر تەشەنە بسێنێت.
سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش ئارام عەلی وتی: تائێستا هۆکارەکەی دیار نییە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەکەین.
س. ع
