سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی لە وەزارەتی دەرەوە سووریا سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شاندى باڵاى سووریا بەسەرۆکایەتى ئەسعەد حەسەن شەیبانی وەزیرى دەرەوەى سووریا لەگەڵ ڕۆمەن گۆفمەن، سەرۆکی مۆسادی ئیسرائیل بۆ ئاژانسی (سانا)ـی سووریا دەدوێت.

سەرچاوەکە ڕایگەیاندووە، دوێنێ شاندێکی باڵای دیمەشق بە سەرۆکایەتی ئەسعەد شەیبانى وەزیری دەرەوەى  سووریا و بە ئەندامێتی سەرۆکانی دەزگای هەواڵگریی گشتی و سەربازی لەگەڵ شاندێکی باڵای ئیسرائیل بە نێوەندگیرى ئەمریکا و لە ئوردن کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەکە دوای بۆردوومانەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی سووریا و پەرەسەندنی گرژییەکان لە باشووری وڵاتەکە دێت، گفتوگۆکانیش سەرنجیان خستووەتە سەر دانانی ڕێکارى کرداری بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و بە ئامانجگرتن، هەروەها زیندووکردنەوەی ڕێڕەوی دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی، کە ببێتە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر لە داهاتوودا.

لایەنی سووری جەختی لەوە کردەوە، سووریا دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و مافی تەواوی خۆیەتی سوپای نیشتمانیی خۆی بنیاد بنێتەوە و پەرەی پێبدات، هاوپەیمانی و هاوبەشییەکانی بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی دیاری بکات، هاوکات ڕەتکردنەوەی هەر ڕێکار و میکانیزمێکی دووپاتکردەوەـ کە ئەو مافە سەروەرییانە پێشێل بکات یان سنوورداریان بکات.

لایەنی سووری هەڵوێستی خۆی دووپاتکردەوە، کارى سەرەکی و دەستبەجێش بریتییە لە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ هێڵەکانی پێش ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، و کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان بۆ ساڵی ١٩٧٤ و جێبەجێکردنی بە تەواوی.

هەروەها گفتوگۆکان باسیان لە گرنگی پاڵپشتیکردنی سەقامگیری سووریا و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کرد، لە نێویاندا ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان لێزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیلە، بۆ ئەوەی گرژییەکانی ئێستای نێوان ئەو دوو وڵاتە ڕەنگنەداتەوە لەسەر خاکی سووریا.

بەپێی قسەی سەرچاوەکە، کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتە سەر گرتنەبەری هەنگاوی کرداری بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هاوتەریب لەگەڵ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دانوستان، هاوکات سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر ڕێکخستنێکی ئەمنی دەبێت ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا و مافەکانی بگرێت.

پێشتر ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەردانی هێزەکانییانی لە باشووری سووریا کرد و ڕایگەیاند بوو، ڕێگە نادەین هیچ هێزێکی دووژمنکار لە سووریادا جێگیر ببێت، ئەم لێدوانە دوای ئەوەهات فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هەشت هێرشی بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی ئەبوزوهر لە پارێزگای ئیدلبی سووریا ئەنجادا، کە بەشێک لە سوپای دەوڵەتی تورکی تێدا جێگیرکراوە.

هـ.ئ