مانگی ئاب لە مێژووی نوێی کۆمەڵگای ئێزدیدا بە قۆناغێکی پڕ لە ئازار، بەرخۆدان و یادەوەری گەورە ناسراوە، لە ١٤ـی ئابی ٢٠٠٧ تەقینەوەیەکی دڕندانە لە گوندەکانی تلعوزێر و سیبا ڕوویدا و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ شەهید و نزیکەی ٧٠٠ برینداری لێکەوتەوە و دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوون، پاشان لە ١٥ـی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش یەکێک لە دڕندانەترین کۆمەڵکووژییەکانی مێژوویان لە گوندی کۆچۆی سەر بە شنگال ئەنجامدا و بە سەدان پیاو کوژران و سەدان ژن و منداڵ ڕفێنران.
هێرش و فشارەکان بۆ سەر ئیرادە و ئیدارەی شنگال لە ساڵانی دواتردا بەردەوام بوو، لە ١٥ـی ئابی ٢٠١٨، یەکێک لە پێشەنگ و ڕەنجدەری هێژای پێکهاتەی ئێزدی، مام زکی شنگالی، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوو، هەروەها لە ١٦ـی ئابی ٢٠٢١، فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) سەعید حسێن و ڕۆژێک دوای ئەم ڕووداوە، ڕۆژی ١٧ـی ئاب، نەخۆشخانەی گوندی سکێنی بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠ کەس بوونە قوربانی ئەم هێرشە.
ئەندامانی کۆمین و دانیشتووانی خانەسۆر لە سنووری شنگال سەبارەت بە یادی شەهیدانی مانگی ئاب قسەیان بۆ بۆ ڕۆژنیوز کرد.

هاووتەبێژی کۆمینی خانەسۆر یوسف جوعان ڕایگەیاند، لەم مانگەدا شەهیدان بەبیردەهێنمەوە، لە جینۆسایدی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ تا کۆمەڵکووژییەکانی تلعوزێر و سیبا، کۆمەڵگاکەمان بەبێ ئەوەی هیچ دوژمنایەتی و شەڕێک بکات، لەسەر خاکی خۆی تووشی هێرش و کۆمەڵکووژی بووەوە، سەرەڕای فشار و هێرشە تایبەتەکان، تاکە خواستمان بۆ کۆمەڵگاکەمان و هەموو مرۆڤایەتیی ئارامی و ئاسایشە، هەرچەندە هێرش دژی ئێمە بکرێت، دەستبەرداری تێکۆشان و خاکی خۆمان نابین، ڕوو لەهیچ شوێنێکی تر ناکەین و بە بەردەوامبوون لەسەر هێڵی پێشەنگەکانمان وەک مام زەکی و مام سەعید، لە ڕێگەی تێکۆشانەوە تۆڵەی ئەو جینۆسایدانە دەکەینەوە.

هەروەها نافیە مەشۆ ئەندامی کۆمینی خانەسۆر سەبارەت بە هەمان بابەت ئاماژەی بەوەکرد، کۆمەڵگای ئێزدی ڕووبەڕووی گورزی زۆر قورس بووەتەوە، یەکێکیش لەوانە شەهیدبوونی مام زەکییە، مام زەکی پایە، یەکڕیزی و سیمبولی بەرخۆدانی شنگال بوو کە هەموو ژیانی خۆی لە پێناو دۆزی گەلەکەیدا بەخت کرد و تەنیا کوڕی بنەماڵەیەک نەبوو، ئەو مامی هەموو ماڵەکانی ئێزدیخان بوو، دەبێت لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دوژمن هۆشیاربین و پشتگیری خۆمان بە هێڵی بەرخۆدان بەهێز بکەن.
هاووڵاتییەک بە ناوی بەرەکات قاسم سەبارەت بە هەمان بابەت وتی: پێویستە یادی ئەو شەهیدانە نەک ساڵانە جارێک، بەڵکو هەموو کاتژمێریک زیندوو ڕابگیرێت، چونکە بوون و شانازی کۆمەڵگای ئەمڕۆ لە سایەی ڕەنجی ئەو شەهیدانەوەیە، مام سەعید و مام زەکی میراتێکی فکری قووڵیان لەناو گەنجاندا بەجێهێشت، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی جەستەییەوە نەماون، بەڵام فکر و تیکۆشانیان لە دڵی کۆمەڵگادا نامرێت.
بـ. قـ
