دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئاب لە لایەن چەند وڵاتیکەوە "پەیماننامەی مەککە بۆ بەرگری هاوبەش" ڕاگەیەندرا، کە هاوپەیمانییەکی ئەمنیی نوێیە، ئەمڕۆ مەهدی ڕەحیمی، سەرۆکی ئاژانسی خانەی میللەتی سەربە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد، سعودیە، تورکیا و پاکستان داوایان لە ئێران کردووە پەیوەندی بەو پەیماننامەیەوە بکات.
مەهدی ڕەحیمی ڕایگەیاندووە، تاران داوەتنامەی فەرمی پێگەیشتووە بۆ چوونە ناو پەیماننامەی مەککە، لە ئێستاشدا بابەتەکە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی ناوچەکە بەرەو درووستکردنی سیستەمێکی ئەمنیی هەرێمی هەنگاو دەنێن، ئەمەش بە سەرکەوتنێک بۆ ئێران ئەژمار دەکرێت، چونکە مێژوویەکی درێژە داوای پێشنیارێکی لەو جۆرە دەکات.
ئەو بەرپرسەی ئێران ڕوونیشی کردەوە، بەندەکانی ئەم ڕێککەوتننامەیە، هاوشێوەی ماددەی پێنجەمی پەیماننامەی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)یە، بەجۆرێک هەر دەستدرێژییەکی سەربازی بۆسەر وڵاتێکی ئەندام، وەک دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەواوی وڵاتانی ئیمزاکار ئەژمار دەکرێت و بەرگریی هاوبەشی لێ دەکەوێتەوە.
س. ع
