لە ١٢ـی ئەیلوولی ساڵی ١٩٨٠ کاتێک ژەنەراڵە فاشیستەکانی دەوڵەتی تورک، بە سەرۆکایەتی کەنعان ئەڤرەن، کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و دەستیانگرت بەسەر دەسەڵاتدا، هەڵمەتێکی ڕەشبگیری و کۆمەڵکوژییان دەستپێکرد و هەزاران کەسیان بەبێ هیچ تاوان و بەڵگەیەک خستە زیندانەوە کە زۆرینەیان گەنجانى کورد بوون.
لەناو ئەو هەزاران دەستگیرکراوەدا، وڵاتپارێز و لایەنگر و ئەندامە پێشەنگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون، ئەو زیندانە کرایە دۆزەخ و چاڵی مەرگ بەڵام هیچ کات ئەو پێشەنگانە خۆیان نەدا بەدەستەوە و زیندانیان کردە گۆڕەپانی بەرخۆدان و وەستانەوە دژی فاشیزمی دەوڵەت.
بەرخۆدانی ١٤ـی تەمووز چۆن دەستی پێ کرد؟
ئەشکەنجە و مەینەتەکانی ناو زیندانی ئامەد گەیشتە لوتکەى نامرۆڤبوون، بۆیە لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٨١ ژمارەیەکی زۆر لە کادیران و پێشەنگانی پەکەکە دژی سیستەمی ئەشکەنجەی زیندانی ئامەد مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ٤٣ یەمینی چالاکییەکەدا بەرپرسانی زیندانەکە ناچار دەبن لەگەڵ کەمال پیر وەک نوێنەری مانگرتووان دابنیشن و بەڵێنی پەسەندکردنی دۆزەکەیان و داواکارییەکانیان بدەن، لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنەش کۆتایی بە مانگرتن دەهێنن.
بەرپرسانى زیندانەکە ئەو بەڵێنەى بە کەمال پیریان دابوو نەیانبردە سەر و ئەشکەنجە و مامەڵەی بێڕەوشتانەى خۆیان بەرامبەر زیندانییان دوو ئەوەندی تر زیاتر و قورستر کرد، بەو هۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کادیر و زیندانی بە ئەشکەنجەی قورس گیانی پاکیان دەردەچێت و شەهید دەبن.
دژی ئەو هەموو تاریکی و وەحشیگەرییەى ناو زیندانی ئامەد مەزڵووم دۆغان یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە لە ٢١ـی ئاداری ١٩٨٢ـدا و لە یەکەم ڕۆژی نەورۆزدا چالاکییەکی گیانبازیی بە درووشمی "بەرخۆدان ژیانە تەسلیمبوون مردنە" ئەنجام دەدات و شەهید دەبێت.
ئەم چالاکییە وەک بۆمبێکی گەورە لەناو تورکیا و باکووری کوردستان و زیندانەکاندا تەقییەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی درووست کرد، ئەمە بووە ئیلهام و ئیرادە بۆ زیندانییانی دیکە و دواتر چوار هاوڕێی دیکەی بە ناوەکانی (فەرهات کورتای، ئەشرەف ئانیک، مەحموود زەنگین و نەجیم ئونەر) بڕیاری چالاکی گیانبازیی دەدەن و لە شەوی ١٨ـی ئایاری ١٩٨٢ وەک ئەوەی کە ئاهەنگ بگێڕن دەستی یەک دەگرن و ئاگر لەجەستەی خۆیان بەردەدەن و هاوار دەکەن "بەرخۆدان ژیانە..تەسلیمبوون مردنە".
لە پاش ئەو چالاکییە گیانبازییانە، کادر و پێشەنگانی پەکەکە بیر لە ئەنجامدانی چالاکییەکی فراوان و کاریگەرتر دەکەنەوە، کە زۆرترین هاوڕێیان بتوانێت بەشداریی تێدا بکات، بۆ ئەوەش لە ڕۆژی ١٤ـی تەمووزی ١٩٨٢ دانیشتنی دادگا وەک دەرفەتێک دەقۆزنەوە، کە چالاکییەکەیانی تێدا ڕابگەیەنن و بڕیاردەدەن مانگرتن لە خواردن تامردن دەست پێ بکەن.
هەریەک لە محەمەد خەیری دورموش، کەمال پیر، عاکیف یەڵماز و عەلی چیچەک بڕیاری چالاکییەکە دەدەن، کەمال پیر لە دوای ٥٥ ڕۆژ مانگرتن لە خواردن شەهید دەبێت، بە هەمان شێوە محەمەد خەیری دورموش دوای ٥٨ ڕۆژ و عاکیف یەڵماز دوای ٦٦ ڕۆژ و عەلی چیچەک دوای ٦٧ ڕۆژ لە چالاکی مانگرتندا شەهید دەبن.
ئەم چیرۆکە مێژووییانەى ناو زیندانەکانی ئامەد بوون کە بوونە هەوێنی قەڵەمبازی ١٥ـی ئابی ١٩٨٤، ئەویش دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پەکەکە بوو، کە یەکەم فیشەکی ئەم شۆڕشە لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە بە سەرکردایەتیی شەهید مەعسوم کۆرکماز ناسراو بە "فەرماندە عەگید" دژی سوپای داگیرکەریی تورک تەقێندرا.
دواتر بە درێژایی ٤١ ساڵ گەریلاکانی ئازادی بەو ئیرادە و هێزەی لە بەرخۆدانی زیندانی ئامەد وەریانگرتبوو، درێژەیان بە چالاکی سەربازیی دا و ڕێگەیان نەدا کە خەونی لەناوبردنی کورد لەلایەن دەوڵەتەوە بگاتە مەرام و بە گیانی خۆیان ڕووبەڕووی داگیرکاریی و هەوڵە لەناوبردنەکان بوونەوە و گەلێکیان لە بانگەشەی نەبوونەوە هێنا سەر گۆڕەپانی ناوچەکە.
دواجار هێز و ئیرادەی ئەو بەرخۆدانە دەوڵەتی ناچار کرد کە هانا بۆ ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد ببات و دان بەوەدا بنێت کە پرسی کورد بە شەڕ و هێرش چارەسەر نابێت، بەڵكو ئاشتی و دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد ڕێگریی لە کوشتاری زیاتر دەکات.
سەرەنجام لە چوارچێوەی بانگەوازە مێژووییەکی ٢٧ـی شووباتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، گرووپێکی ٣٠ گەریلایی، لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی لە مەراسیمێکدا کە ئامانج لێی نیشاندانی نیازپاکی بوو بۆ پرۆسەی ئاشتی، چەکەکانیان سووتاند.
لەمڕۆدا ئەو بەرخۆدانەی زیندانی ئامەد گەلی کوردی هێناوەتە ئاستێک کە چیدیکە ناتواندرێت نکۆڵی لێبکرێت و بە شەڕ و ئاگر لەناونابرێت و لەسەر مێزی دانووستانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی و گۆڕانکارییەک لە دەستووری دەوڵەتی تورکدا کە لە سەدەی ڕابردوودا کوردی وەک نەبوو لەقەڵەمدابوو.
ب. جـ
