ئێوارەی ئەمڕۆ، لە بارەگای ڕەوتی هەڵوێست لە شاری سلێمانی، عەلی حەمەساڵەح، بڕیاردەری ئەو ڕەوتە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا، لە کۆنگرەکە سەبارەت بە گەندەڵیەکانی کەرتی تەندرووستی و قەیرانی سوتەمەنی قسەی کرد.
عەلی حەمەساڵەح لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕایگەیاند، چەند دۆسێیەکی مەترسیدار دەخەینەڕوو، ئەم دەسەڵاتە دەستی بۆ دەرمانی تەندرووستیش بردووە، دەسەڵات بەهێنانی کۆمەڵێک کۆمپانیا نرخەکانی چەند هێندە کردووە، وەزیری تەندرووستی کەرتی تەندرووستی لە هەرێم بە ئاراستەیەکی ئێجگار مەترسیدار بردووە، کۆمەڵێک کۆمپانیان هێناوە بۆ ئەوەی ببن خاوەنی ملیۆنان دۆلار.
باسی لەوەشکرد، کوالێتی کۆنتڕۆڵ دەبێت لای حکومەت بێت بەڵام دراوە بە کۆمپانیا، ئەو شتانەی دەدرێتە کۆمپانیا بێ تەندەر دەیاندرێتێ، لێدانی ستیکەر، پشکنین، هاوردەکردنی دەرمان هەمووی دراوەتە کۆمپانیا و نرخەکەی بەدڵی خۆیان چەند هێندە بەرزکراوەتەوە، ئەمەش کاریگەری لە سەر بەرز کردنەوەی نرخی دەرمان دەبێت، ئەمە جگە لە دنیایەک ڕسوماتی دیکە کە هەمووی بەشێوەیەکی مەترسیدار بەرز دەبێتەوە، هاوکات دەرمان لە هەولێرەوە دێت بەڵام دەسەڵاتی یەکێتی ناهێڵێت بێتە سلێمانی، وابڕوات تا مانگێکی دیکە دەرمان لە سلێمانی نامێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کەرتی گشتی دراوە بە کۆمپانیاکانی حزب، وەزیری تەندرووستی تاقیگەی نەخۆشخانەکانی حکومی داوە بە کۆمپانیای کەرتی تایبەت کە بەڵگەی تەواو لە بەردەستدایە، لە بەشێک لە گرێبەستەکان بۆماوەی ١٠ساڵ دراوەتە کۆمپانیا لەوانەش پشکنینی نەخۆشی شێرپەنجە.
هەروەها وتیشی: حکومەت بەنزینی داوە بە کۆمپانیا، ئەو پەنجا هەزار بەرمیل نەوتەی لە بەغداد وەردەگیرێت دەپاڵێورێت و بەشێکی هەناردەی تورکیا دەکرێت، تەنکەر و شۆفێرەکانیشی تورکین، ئێستا عێراق دەڵێت: ئەو پەنجا هەزارە هەناردە بکەن ئەوا بەنزین بە ٤٥٠ دینار دابین دەکەین.
س. ع
