ئەمڕۆ، بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین سەبارەت بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک لە شاری هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ١٠ ڕۆژ پێش ئێستا کچێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لەگەڵ دایکی، سەردانی نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنیان کرد و سکاڵای تۆمار کرد، لەسەر کەسێک کە ئەو کەسە وێنە و ڤیدیۆی کچەکەی لەلابووە، هەستاوە بە هەڕەشەکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی کچەکە لەبەرامبە پێدانی پارە.

وتیشی: دوای کردنەوەی دۆسێیەی لێکۆڵینەوە و ڕەزامەندی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیر کردنی تۆمەتبار، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر دۆزینەوەی تۆمەتبار، شەوی ڕابردوو لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی و بەهاوکاری تیمی ئایتی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی هەولێر، تۆمەتبارەکە لە هەولێر دەستگیر کرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبار تەمەنی ٢٦ ساڵە و  لە ڕەگەزی نێرە و دانیشتوی بەحرکەیە لە هەولێر، دوای ئەوەی لەبەردەم پۆلیس و دادگا دانی ناوە بەتاوانەکەی، ئێستا تۆمەتبار بەپێی ماددەی ٢ لە یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامی هەیە.

س. ع