هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کورستانی ئێران، سەبارەت بە هێرشەکانی دوێنێی سەر هەولێر ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
"بە پەلامارە درۆنییەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان، دژایەتیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێتیی و نەپرینگانەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رەفتاری دووژمنکارانە دژی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئاستێکی دیکە، بەر لەوەش کۆمەڵێک دامەزراوەی لەشکریی و هەواڵگریی حکومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی، سەرەڕۆیانە و بێپاساو درانە بەر پەلاماری خەستی هاژەکیی و درۆنیی ئێران.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەڕی ئەمریکا-ئیسرایل و ئێران زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی لەو چەشنەی کراوەتە سەر، کە نیوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات و شوێنی نیشتەجێبوونی خاو و خێزانەکانیان بووە، پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، کە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای لەم شەڕەدا هەڵوێستی بێلایەنی ڕاگەیاند و نەکەوتە بەرەی دژبەرانی ئێرانەوە.
ئەوەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دژایەتی کورد و شەڕفرۆشیی بە هەر کیان و قەوارە و ئیرادەیەکی خۆبڕیاردەریی کوردستانیی لە ناوچەکە؛ سیاسەتێکی بنچینەیی کۆماری ئیسلامییە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داودەزگا حکومیی و حزبیی و مەدەنییەکانی مەحکوم دەکات و پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ، هەروەها سەبارەت بەوەی ئەو دەسدرێژییانە لە ڕووی یاساییەوە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی عێراقە، داوای هەڵوێستی شیاو لە بەغدا دەکات.
ئەزموون سەلماندوویەتی، کە بێدەنگبوون بەرانبەر ڕەفتاری دووژمنکارانە و تێکدەرانەی ئێران و دانەنانی تێچوو بۆ ڕەفتارەکانی، دەرفەتی پەرەپێدان و هەڵکشانی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی زیاتر بۆ دەخوڵقێنێ.
هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە وڵاتانی خاوەن کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان دەکات، کە بۆ پێشگرتن لەو هێرشانە و پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، تاران بخەنە ژێر گوشارەوە."
ڤ.م
