ئاژانسی ڕۆژنیوز بە دواداچوونی بۆ کێشەی کەمی کارەبای دهۆک کردووە و لەم ڕاپۆرتەدا بە وردی تیشکدەخاتە سەر کێشەکە و هۆکارەکانی و ناڕەزایەتی هاووڵاتییان.

کێشەی کارەبا و گەرمای هاوین

حکومەتی کاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان لە ژێر ناوی گۆڕینی سیستەمی دابەشکردنی کارەبا، پڕۆژەیەکی بە ناوی "پڕۆژەی ڕووناکی" لە پارێزگای دهۆک و هه‌رێمی كوردستان ڕاگەیاند، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە بۆ هاووڵاتییان، بەڵام لە ڕاستیدا هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە ٢٤ کاتژمێر کارەبایان پێ نادرێت، بەڵکو لەم گەرمای هاوینە ١٢ بۆ ١٤ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانیان هەیە.

بەهۆی کەمی کارەبای نیشتیمانی، جارێکی تر مۆلیدە ئەهلییەکان خراونەتەوە کار و ئەو ماوەیە پڕ دەکەنەوە کە کارەبا نییە، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو کە هەرێمی کوردستان قۆناغی بێکارەبایی و مۆلیدەی تێپەڕاندووە و ئیتر بۆ هەمیشە مۆلیدە ئەهلییەکان هەڵدەگیرێنەوە، بەڵام دۆخەکە گەڕایەوە بۆ سەردەمی مۆلیدەکان.

بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز پشکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری پارێزگاکە هیچ کێشەیەکی نییە و تەواوە، بەڵام حکومەتی هەرێم بەشێک لەو پشکە دەفرۆشرێت بە پارێزگای موسڵ، ئەمە وایکردووە پارێزگاکە ١٠ کاتژمێر کەمی کارەبای هەبێت.

حکومەت فشاری لە خاوەن مۆلیدەکان کردووە دەست بە کارکردن بکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە نرخێکی زۆر گران گاز دەداتە مۆلیدەکان، لە کاتێکدا لە شارەکانی عێراق حکومەت بێ بەرامبەر گاز دەداتە خاوەن مۆلیدەکان.

نرخی کارەبا و نیگەرانی هاووڵاتییان

نرخی کیلۆواتەکانی کارەبا و گەڕانەوەی پارەیەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان ناڕەزایەتى و نیگەرانی زۆری لای خەڵکی پارێزگاکە درووست کردووە، هەرچەندە نرخی یەک کیلۆوات کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی دیاریکراوە بە ٧٢ دینار، بەڵام هاوڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بەهۆی سیستەمی نوێی پێوانەکردن و تێچووە زیادەکانەوە، کۆی پسووڵەکانیان لە چاو کارەبای نیشتیمانی پێشوو، بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

ئەو چەند کاتژمێرە کارەبایەی لە پڕۆژەی ڕووناکی هەیە پارەیەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێتەوە کە بەرامبەرە، بە  ٢٤ کاتژمێر، بەهۆی زۆری کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانیش پارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت.

هاوڵاتییان ناچارن پارەی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانیش بدەن کە هێشتا وەک بەشێکی سەرەکی لە تێچووی مانگانەی کارەبایان ماوەتەوە، تەنها بۆ مانگی شەشی ئەمساڵ، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە دهۆک گەیشتووەتە ١٢ بۆ ١٥ هەزار دینار، کە ئەمەش بارێکی دارایی قورسی دیکەیە سەرەڕای کرێی کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی.

یەکێک لەو هاووڵاتییانەی کە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کردووە باس لەوە دەکات کە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ بەکارهێنانی کارەبای ٢٤ کاتژمێر بڕی ٣٢٢ هەزار دینار بۆ هاتووەتەوە، لە کاتێکدا ٢٤ کاتژمێر کارەباش نەبووە و کەمترین ئامێری کارەباییشی هەیە لە ماڵەکەیدا.

هەڕەشەکردن و بڕینی کارەبا

کێشەکە تەنیا لەوەدا نەماوەتەوە کە کارەبا کەمە و پارەکەی زۆرە، بەڵکو هەر هاووڵاتییەک لە وادەی دیاریکراودا پارەی کارەبا نەدات، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە کارەبای ماڵەکەی دەبڕێت، تا پارەکەی نەبات بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا ئەوا کارەباکەی بۆ نابەسترێتەوە.

 بەرپرسانی شارەکە دەڵێن: هەر بەشداربوویەکی پڕۆژەی ڕووناکی گلەیی و تێبینی لەسەر نرخەکان هەبێت، دەتوانێت سەردانیان بکات، کاتێک هاووڵاتییش سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هەڕەشەی لێدەکەن کە هیچ نیگەرانییەک دەرنەبڕێت و لێدوان بۆ هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن نەدات.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هەوڵدرا هاووڵاتییان لە شاری دهۆک خۆپیشاندان دژی کەمی کارەبا و گرانی نرخەکەی بکەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەی توندییان کرد و ڕێکخەرەکانیشی بۆ ماوەیەک زیندانی کردن و دواتر بە وەرگرتنی بەڵێننامە ئازاد کراون.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆک زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دینار قەرزداری حکومەتن، جا ئێستا حکومەتى هەرێم فشار لە خەڵکی پارێزگاکە دەکات ئەو پارەیە بگەڕێننەوە، ئەگەر قەرزەکەیان نەدەنەوە، کارەبەکەیان دەبڕدرێت.

هـ.ح