کامیل ئیبراهیم زادە، نووسەر و بەرپرسی پەرتووکخانەی هاوینەی شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە پڕۆژەی پەرەپێدان بە خوێندنەوەی پەرتووک و پاراستنی ژینگە بۆ میدیا ناوخۆییەکان زانیاری خستە ڕوو.

کامیل ئیبراهیم زادە ڕایگەیاند، پڕۆژەی "پەرتووک لە بەرامبەر کاغەزی بەکارهاتوو" بە ئامانجی بڵاوکردنەوەی کەلتووری خوێندنەوە و پاراستنی ژینگە لە شاری مەهاباد دەستی پێکرد.

باسی لەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە گرێدانی کەلتووری پەرتووکخوێندنە بە پاراستنی ژینگە، خێزانەکان دەتوانن بەرامبەر بە هەر کیلۆیەک کاغەزی بەکارهاتوو، ١٥ هەزار تمەن دیاری وەک ئاڵوگۆڕ وەربگرن کە ئەمەش لە نرخە ئاساییەکانی وڵات زیاترە تا هاووڵاتییان زیاتر هان بدرێن.

هەروەها لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، هاووڵاتییان دەتوانن لە بەرامبەر ڕادەستکردنی کاغەز و پەرتووکە کۆنەکانیان پەرتووکی نوێ وەربگرن.

کامیل ئیبراهیم زادە ئاماژەی بەوە کرد، ئەم دەستپێشخەرییە کە هاوکاتە لەگەڵ پێشانگای هاوینەی پەرتووک لە تەلاری وەحدەتی شاری مەهاباد بەڕێوە دەچێت، ڕێگە لە فڕێدانی کاغەز دەگرێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ خولی بەکارھێنانەوە (ڕیسایکڵین).

هاوکات ڕوونیشی کردەوە، ڕۆژانە زیاتر لە تۆنێک کاغەز لە مەهاباد بەهەدەر دەچێت، لە کاتێکدا کۆکردنەوەی هەر ١٠٠ کیلۆ کاغەز دەتوانێت ڕێگە لە بڕینەوەی چەندین دار بگرێت و تێچووی ئابووریی شارەکەش کەم بکاتەوە.

کامیل ئیبراهیم زادە دەشڵێت، سەردانیکەرانی پێشانگاکە بە گەرمییەوە پێشوازییان لەم هەنگاوە کرد کە ئەمە دەرفەتێکی باشە تا لەبری فڕێدانی ڕۆژنامە و دەفتەرە کۆنەکان، پەرتووکی نوێیان پێ بکڕدرێت.

جێی ئاماژەیە، شاری مەهاباد وەک شارێکی فەرهەنگیی دیاری ناوچەکە، بەم هەنگاوە شێوازێکی نوێی لە ئاوێتەکردنی بەرپرسیارێتیی ژینگەیی و ڕۆشنبیری پێشکەش کرد کە دەکرێت لە شارەکانی تریش پەیڕەو بکرێت.

ب.چ