ناوەندی هەواڵەکان
بانگەوازەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تەنیا بانگەوازێک نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداری، بەڵکو دەربڕینی ڕێبازێکی نوێی پارادیگما بوو بە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، هەروەها ئەرکی ژیانیی ئەم پارادایمە درا بە ژنان و گەنجانی کورد، بۆیە هەڵسەنگاندنی مانای ئەم بانگەوازە تەنها لەسەر دانانی چەک، لایەنی سەرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی پرۆسەکە کەم دەهێنێت.
بۆ تەڤگەری ژنانی کورد، بنەڕەتیترین پرسیاری ئەم پرۆسەیە ئەوەیە: ئاشتی لەلایەن کێ و چۆن دادەمەزرێت؟
چونکە بۆ ژنانی کورد بابەتەکە تەنیا "بەشداری ژنان لە دانوستانەکانی ئاشتی"ـدا نییە، تەڤگەری ژنان ڕێبازێکی پەرەپێداوە کە کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ دیموکراتیکبوونیی ژیانی کۆمەڵگە و ئازادیی ژنان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە ئەزموونی تەڤگەری ژنانی کورددا، ژنان لایەنگری بێڕۆڵی پرۆسەی ئاشتی نین، بەڵکو وەک ئەکتەری سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی پێناسە دەکرێن.
بەشداری ژنان لە بونیادنانی ئاشتیدا

نزیکبوونەوەی تەڤگەری ژنانی کورد بۆ پرۆسەکانی ئاشتی لەسەر بنەمای ئەزموونێکی دوورودرێژی تێکۆشان دامەزراوە، لە پڕۆسەی چارەسەری ساڵی ٢٠١٣-٢٠١٥، بەشداری ژنان لە دیدارەکانی ئیمرالیدا ئەزموونێکی گرنگی بۆ ئەمە خوڵقاند، هاوکات لەگەڵ جێگیرکردنی پەروین بوڵدان لە شاندی ئیمرالی، بەشداریکردنی جەیلان باگریانیک لە تەڤگەری ژنانی ئازاد و دیموکراتیک لەناو شاندەکەدا، گرنگ بوو بۆ بەشداریکردنی ڕاستەوخۆی تەڤگەری ژنان لە میکانیزمەکانی دانوستاندا، جیلان باگریانیک لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بەشداری شاندە بەرفراوانەکەی کرد و لە ساڵی ٢٠١٥ بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئیمرالیدا کرد.
لەمڕۆشدا جێکردنەوەی پەروین بوڵدان لە شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، نیشانەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی نەتوانرێت ژنان بخرێنە دەرەوەی پرۆسەکە، بەڵام بۆ تەڤگەری ژنانی کورد تەنیا بابەتەکە ئەوەنییە کە ژنێک لە شاندەکەدا هەبێت، پرسی سەرەکی ئەوەیە کە ژنان بە ئیرادەی ڕێکخستنیی خۆیان لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی دانوستاندا بەشداری بکەن.
لەبەرئەوەی ئەزموونی ڕابردوو نیشانی داوە کە کاتێک ژنان لەسەر مێز تەنها نوێنەرایەتی بکرێن، داواکارییە تایبەتەکانی ژنان بە ئاسانی لە بازاڕی سیاسی گشتیدا ونن دەبن، بەڵام بەشداری ژنان بە هێزی ڕێکخستنراوی خۆیان لە پرۆسەکەدا، ڕەگێکە کە ناوەڕۆکی ئاشتیش دەگۆڕێت.
بەم مانایە هەڵسەنگاندنی ڕێبەر ئاپۆ بۆ جێکردنەوەی ژنان لەو میکانیزمانەی کە لە چوارچێوەی یاسای چوارچێوەیەدا دامەزراون و ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێت لە دەرەوەی ئەنجوومەنەکە، کۆمیسیۆنی ژنانی سەربەخۆ و پەیوەست بە پرۆسەکە دامەزرێن، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان نەک هەر چاودێر بن بۆ پرۆسەکە، بەڵکوو هێزی بونیادنەریشی بن.
کۆمیسیۆنی پەرلەمان؛ نوێنەرایەتی هەیە، بەڵام ئایە تەواوە؟

لایەنێکی گرنگی ئەم گفتوگۆیە کۆمیسیۆنی دیموکراسی، خوشک-برایەتی و یەکگرتنی نەتەوەیی، کە لە ژێر چاودێری پەرلەمانی تورکیا دامەزرا، کۆمیسیۆنەکە لە ٥ـی ئابی ٢٠٢٥ دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و لە ٥١ ئەندام پێکهاتبوو، لەکاتی سەیرکردنی لیستی ئەندامانی کۆمیسیۆنەکە بیندرا کە لە کۆی ٥١ ئەندامەکە تەنها ١٠ ئەندام ژنن، واتە ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە دەوروبەری ١٩.٦٪ دایە، لەناو پێنج ئەندامی دەم پارتیدا دوو پەرلەمانتاری ژنن (گوڵستان کلچ کۆچیگیت و مەرال دانش بەشتاش)، لەگەڵ ئەمەشدا ڕێژەی ژنان لە نوێنەرایەتی کۆمیسیۆنی دەم پارتی دەگاتە نزیکەی ٤٠٪.
ئەم خشتەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی تەڤگەری ژنانی کورد سەرنج دەخەنە سەر جیاوازیی نێوان "بەشداری ژن" و "ئیرادەی ژن"، دانانی ژنان لە کۆمیسیۆنەکەدا گرنگە؛ بەڵام بە تەنیا بەس نییە، کاتێک ئەزموون، خواست و ئیرادەی ڕێکخستن بوونی ژنان کاریگەری لەسەر پرۆسەی بڕیاردان و یاسادانانی کۆمیسیۆن نەبێت، نوێنەرایەتی ژمارەیی نابێتە هۆی گۆڕانکاریی.
بۆیە کۆمیسیۆنەکانی ژنان لە دەرەوەی پەرلەمان و میکانیزمەکانی چاودێریکردنی ژنان کە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆ پێشنیارکراون، ئامرازە گرنگەکانی چاودێریکردنی کۆمەڵگە و دیموکراتیکی پرۆسەکە بەهێزتر دەکەن، بۆ نموونە کۆمیسیۆنی ژنان و دەستوور کە لە ساڵی ٢٠٢٥ لەلایەن تەژەئاوە دامەزراوە، نموونەیەکی ڕوونی ئیرادەی ژنانە کە بە ڕوانگەی خۆیانەوە دەستوەردان لە دامەزراندنی پەیمانی کۆمەڵگەی نوێدا دەکەن، کۆمیسیۆنەکە ئامانجی ئەوەبوو کە لەگەڵ پارێزەران و ئەکادیمیستەکان و سیاسەتمەداران لەسەر بنەمای ڕێبازی ژنان گفتوگۆی دەستوور بەڕێوەببەن و لە شارە جیاوازەکاندا بۆچوونی ژنان کۆبکەنەوە، بێگومان ئەمەش پەیوەندی بە لایەنی یاسایی پرۆسەکەوە هەبوو، لەلایەکی ترەوە کۆمۆنەکانی ژنان لە هەموو بوارێکدا لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێکخستن دەکات.
تەڤگەری ژنان بەشداریکردنی لەم پرۆسەیەدا تەنها بە "بەشداری ژنان لە کۆمیسیۆنەکاندا' ناگرێتە دەست، ئەوەنیشان دەدات کە ئاشتی تەنها بە پرۆسەی یاسایی، لە ڕێگەی "کۆمەڵایەتیبوونی ئاشتی"ـەوە بەدەست دێت، واتە لەسەر دوو دیو پێناسەی دەکات، دیوێکی پڕۆسەی یاسایی، دیوەکەی تری بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە، ئەمەش دەریدەخات کە دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنها کاتێک بەڕێکخستن دەکرێت کە ژنان ببنە ڕەنجدەر و کۆمۆن.
لە سووتاندنی چەکەوە بەرەو ئاشتی کۆمەڵگە
یەکەمین مەراسیمی سووتاندنی چەک کە لە ١١ـی تەمووزی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، بووە یەکێک لە وەرچەرخانە سیمبولیکەکانی پرۆسەکە، لە مەراسیمەکەدا کە ٣٠ گەریلای پەکەکە ئامادەی بوون، ئامادەبوونی ١٥ گەریلای ژن و سەرکردایەتی مەراسیمەکە لەلایەن بەسێ هۆزات ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتی کەجەکە، جارێکی دیکە ڕۆڵی ژنانی کوردی لە پرۆسەکانی شەڕ و ئاشتیدا نیشاندا.
بۆ تەڤگەری ژنانی کورد، ئەو خاڵەی لێرەدا پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە، کە ژنان تەنیا قوربانی شەڕ نین، لە هەمان کاتدا ژنان قسە و ئیرادە و بڕیاریان لەسەر پرسی چۆنییەتی کۆتاییهاتنی شەڕ و چۆنییەتی بەرپاکردنی ئاشتی هەیە.
پێکدانەدان و ڕاوەستاندنی شەڕ بە تەنیا ئاشتی بەرەوپێش نابات، بە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی کە شەڕەکەیان خوڵقاندووە و بە بەشداربوونی کۆمەڵگە پەیوەستە بە پرۆسەکەوە.
ڕێک هەر لەبەر ئەم هۆکارە، تەڤگەری ژنانی کورد چەمکی "کۆمەڵگەییبوونی ئاشتی" بەرەوپێش دەبات، ئەو کۆبوونەوانەی کە ژنان بە سەرکردایەتی تەژەئا بەڕێوەی دەبەن، کاری کۆمسیۆنەکان و ئەو هاوکارییانەی کە لەگەڵ ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنان پەرەی پێدراوە، ئامانجیان هێنانەدی ئاشتییە بۆ ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە.
لە ڕۆژئاواوە بەرەو سووریا؛ بەبێ ئازادیی ژن دیموکراتیک بوون نابێت
ئەم ڕێبازە نەک تەنها بۆ باکووری کوردستان و تورکیا یەکلاکەرەوەیە، بەڵکو بۆ ڕۆژئاوا و سووریاش یەکلاکەرەوەیە، خەباتەکانی ئەنتێگراسیۆن کە لە سووریا لە نێوان ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی دیموکراتیک و حکومەتی دیمەشق ئەنجام دەدرێت، وەک ئەزموونێکی نوێ وایە بۆ تەڤگەری ژنانی کورد.
جێگیرکردنی ژنە سەرکردەکانی وەک ئیلهام ئەحمەد، نەورۆز ئەحمەد و ڕۆهلات عەفرین لەم پڕۆسە دیدار و دیپلۆماسییانەدا، ئەوە دەردەخات کە ژنان لە ڕۆژئاوا نەک تەنیا لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بەڵکو لە بواری سیاسی و ئەمنیشدا بوونەتە ئەکتەری بنیاتنەر، بەم مانایە بە گواستنەوەی ئەزموونی ١٤ ساڵەی ژنانی ڕۆژئاوا لە بواری سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بۆ سووریا، گۆڕانی دیموکراتیکی سووریا دەتوانێت مومکین بێت.
گفتوگۆکانی سەبارەت بە داهاتووی یەپەژە، دیارترین نموونەی ئەمەن، لە کاتی دانووستانەکان لەسەر چۆنییەتی "کە یەپەژە چۆن لەژێر چەتری وەزارەتی ناوخۆدا ئەنتێگرە دەکرێت" گرنگە خواست و پێداگری ژنانی شەڕڤان بۆ پاراستنی بوونیان وەک هێزێکی سەربەخۆ و ڕێکخستنکراو لەبەرچاو بگیرێت، چونکە بابەتی سەرەکی تەنها ئەنتێگرەکردنی یەپەژە نییە لەگەڵ هەر ناوێک یان ناسنامەیەکدا، بەڵکو پاراستنی ئەو بەهایانەیە کە نوێنەرایەتییانی دەکات.
هەروەها نزیکبوونەوە لە کۆنگرەی ستار پرسەکە دەخاتە چوارچێوەیەکی فراوانترەوە، دیموکراتیکبوونی سووریا بەبێ ئازادی و بەشداری سیاسی ژنان ڕوونادات، بەشداری ژنان لە هەموو قۆناغەکانی پرۆسەی دەستووری، نوێنەرایەتی یەکسان لە میکانیزمەکانی بڕیاردان و دەستەبەرکردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لە تەوەرە سەرەکییەکانی تێکۆشانی کۆنگرەی ستارن.
هەروەها ئەو هەڵمەتانەی کە لەلایەن کۆنگرەی ستارەوە لە ساڵانی ٢٠٢٥ و ٢٠٢٦ ئەنجامدراون، جەختیان لەسەر ئەم دیدگایە کردووەتەوە، بانگەوازی دروستکردنی سووریایەکی ئازاد و دیموکراتیک و ناناوەندی نیشانی دەدات کە ژن لەسەر داهاتووی سووریا تەنها هێزێک نییە داوای ماف دەکات، بەڵکو هێزێکە کە ئایندەی سووریا دیزاین دەکات.
سبەی بەشی سێیەم
ب ق
